تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ١ی جۆزەردان (٢٢ی ژوەن) سوعدا خەدیرزادە دوای تێپەڕینی دوو ڕۆژ بەسەر نەشتەرگەریی سزارییەن و بەدونیاهێنانی کۆرپەکەیدا، بەبێ تەواوکردنی قۆناعەکانی دەرمان گەڕێنراوەتەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ.
دەوترێت هێزەکانی زیندان بە دەستووری بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە نەخۆشخانەدا دەست و پێی ناوبراویان بە تەختەکەوە بەستۆتەوە کە ئەمە ببووە مایەی ناڕەزایی بەڕێبەران و پێرسنلی نەخۆشخانەکە. ئەو هێزانە دوای ناڕەزایی دەربڕینی بەربڵاوی پێرسنلی نەخۆشخانە ناچار بوون کەلەبچە و پێبەندەکەی ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە لێ بکەنەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە کە لە ٨ مانگ لەمەوپێشەوە دەستبەسەر کراوە، بە هۆی دژایەتیکردنی ئیدارەی ئیتلاعات و بەرپرسانی زیندانەوە، بە درێژایی ماوەی دووگیانبوونەکەی لە دۆخی دژوار و ناتەندروستی بەندی ژنانی زیندانی ورمێدا بووە و لە چاودێری و خزمەتگوزاریی پسپۆڕانەی پزیشکی بێبەش کرابوو.

سوعدا خەدیرزادە لە مانگی گوڵان (مەی)ی ئەمساڵدا بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست دۆخی نادیاری خۆیدا لە زیندانی ورمێ بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو. ناوبراو لەسەر بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ ئازادکردنی کاتیی بە دانانی بارمتە کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو بەڵام تا ئێستا دادگای مەهاباد بە هۆکاری نادیار ئامادە نەبووە بە شێوەی کاتی ئازادی بکات. ناوبراو لە ماوەی دووگیانبووندا هاوکات نەخۆشیی گورچیلە، دڵ و دیسکی کەمەر (فەقەرات)یشی هەیە و بە درێژایی ئەم ماوەیە لە چاودێری و خزمەتگوزاریی پسپۆڕانەی پزیشکی بێبەش کراوە.

سوعدا خەدیرزادە ڕۆژی پێنجشەممە‌ ٢٢ی ڕه‌زبه‌ری ١٤٠٠ (١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری پیرانشار دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری ورمێ. ناوبراو دوای ١٢ ڕۆژ لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا و هەنووکە لە بەندی ژنانی ئەم زیندانەدایە.

ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە سوعدا خەدیرزادە لە ساتی دەستبەسەربوونەوە هیچ کات مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەری پێ نەدراوە. دەستبەسەرکردنی ناوبراو پێچەوانەی پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە و بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان بە سەرەڕۆیانە لە قەڵەم دەدرێت، چونکوو بەبێ ئاگاداربوون لە هۆکارەکانی دەستبەسەربوون بۆ ماوەیەکی درێژ لە حاڵەتی دەستبەسەربوونی کاتیدا ماوەتەوە و لە مافی دیاریکردنی پارێزەریش بێبەش کراوە.