بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە چەند ڕۆژ لەمەوپێشەوە تا ئێستا پێنج ژنە چالاکوانی کورد بە ناوەکانی فەرانەک ڕەفیعی، باران ساعیدی، ماهڕوو هیدایەتی، ئازادە جەماعەتی و بەهار زەنگیبەند لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کراون و گوازرانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ئەمڕۆ ٢٩ی خەرمانان (٢٠ی سێپتامبر) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی چالاکی مەدەنی باران ساعیدی و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە. ئازادە جەماعەتییش کە یەکێکی ترە لەو چالاکوانانە دوای بەنگهێشتکران و ڕۆیشتن بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر کراوە. هێزەئەمنییەکان ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی ئەم چالاکە مەدەنییە هەڵیانکوتابووە سەر ماڵەکەی، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ماڵەوە نەبووبوو نەیانتوانیبوو دەستبەسەری بکەن.
ڕۆژی ڕابردوویش هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی هاوکات هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی ماهڕوو هیدایەتی و بەهار زەنگیبەند و دەستبەسەریان کردوون.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەرمانان (١٨ی سێپتامبر) چالاکی ژینگەپارێز فەرانەک ڕەفیعی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کراوە.
هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەم پێنج چالاکوانە مەدەنییە و شوێنی ڕاگرتنیان بەردەست نەکەوتووە.