ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی مافەکانی ژنان، حەفتەی ڕابردوو لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە تۆمەتە تازەکانی پێ ڕاگەیەنرا و دادوەری دۆسیەکە بۆ گۆڕینی بڕیاری دەستبەسەربوون و ئازادکردنی کاتیی ئەم چالاکە، ڕێژەی بارمتەکەی بەرز کردەوە بۆ یەک میلیارد تمەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تۆمەتی تازەی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای پێکهێنان و ئەندامبوونەوە لە گرووپ و دەستەی نایاساییدا ڕووبەڕووی ژینا مودەڕیس گورجی کراوەتەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە پێشتر تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»ی ڕووبەڕوو کرابوویەوە.
ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و لە چالاکانی ناسراوی بواری مافەکانی ژنان، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١دا (٢١ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامی سەفەریی سنە بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز دەستبەسەر کرا و دوای ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، لە ڕێکەوتی ٨ی گەڵاڕێزاندا (٣٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەم ڕۆژنامەوان و چالاکەی بواری مافەکانی ژنان پێش دەستبەسەرکرانیش چەندەها جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی لێ کرابوو. هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگەی تەلەفۆن و چوونەسەر کتێبفرۆشییەکەیەوە پێیان ڕاگەیاندبوو کە ئەگەر لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداری بکات و درێژە بە چالاکییەکانی بدات دەستبەسەر دەکرێت.
ژینا مودەڕیس گورجی لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەنداندا (١٤ی فێبرییە) دوای ئەوەی ئامادەی یەکەم کۆبوونەوەی دادگا ببوو، لە لاپەڕەکەی خۆی لە ئینستاگرامدا نووسیبووی: «دادگاکەم ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی رێبەندان (١٢ی فێبرییە) بەڕێوە چوو. پێنجشەممە کە پارێزەرەکەم، ئاغای عەبدوڵڵاهی، بە مەبەستی دواخوێندنەوەی دۆسیەکەم چووبووە دادگا، تێگەیشتبوو کە بە دەستووری تاران دادوەرەکەمیان لە ئاغای سەعیدیی لقی یەکەمی دادگای شۆڕشەوە گۆڕیوە بۆ ئاغای ئەکبەریی سەرۆکی دادگوستەریی سنە. کۆبوونەوەکە بەڕێوە چوو؛ ئاغای ئەکبەری دۆسیەکەمی نەخوێندبۆوە و تازە خەریک بوو لاپەڕەکانی هەڵدەدایەوە. زیاتر لەوەی کۆبوونەوەی دادگاییکردن بێت کۆبوونەوەی ئامۆژگاریکردن و شیکردنەوەی ڕووداوەکان، ئەڵبەت لە ڕوانگەی بەڕێزیانەوە، بوو. دواجار گوتی: «دواتر دۆسیەکەت دەخوێنمەوە، بەڵام تۆ بەرگرینامەکەت لەسەر «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» بنووسە.» من و پارێزەرەکەم بەرگرینامەمان نووسی. دواجار فۆرمی لێخۆشبوونیان پێ دام کە لێی نووسرابوو: «من … منداڵی … بە ژمارە دۆسیەی … پەشیمانم لەو تاوانەی ئەنجامم داوە. بەڵێن دەدەم ئیدی دووپات نەبێتەوە و لە پێناو ئامانجەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کار بکەم (ڕەنگە هەندێ جیاوازی لە ڕستەکاندا بووبێت، چونکوو وردەکاریی ڕستەبەندییەکانم بیر نەماوە)» من فۆرمەکەم واژۆ نەکرد، بە دادوەرەکەم گوت خۆم بە تاوانکار نازانم تاکوو بڵێم پەشیمانم، بەپێی یاسایش لە دۆخی ئێستا و لەو دۆسیەیەدا هێشتا تۆمەتبارم نەک تاوانکار. چەند جار پێداگریی کرد کە واژۆی بکەم چونکوو لە بەرژەوەندیی دۆسیەکەمدایە. بەڵام منیش سوور بووم لەسەر ئەوەی کە تاوانکار نیم. پێی وتم سیمای حکوومەتم ڕەش کردووەتەوە، بە نووسینەکانم، ڕاپۆرتەکانم، چالاکی و کارەکانم، وێنەکانم لە پێشانگاکاندا و تەنانەت بە ناونیشانی ئەو کتێبانەی لە کتێبفرۆشییەکەمدا پێشنیاری کڕین و خوێندنەوەیان بە خەڵک دەدەم. هەموو ئەو خاڵانە لە دۆسیەکەمدا هەبوون. گوتی دەزانین خەڵک لە دۆخێکی قورسدان، بەتایبەت لەڕووی ئابوورییەوە. بەڵام ئەوەی ڕووی دا ڕێگاچارە نییە و ئەگەر دۆخەکەمان کۆ نەکردایەتەوە ئێستە ببووینە سووریای دووهەم. گوتی دۆسیەکە دەخوێنێتەوە و بەپێی بەرگرینامەکەم حوکمم بۆ دەردەکات. ئەم ڕۆژانە بابەتی واژۆکردنی فۆرمی لێخۆشبوون زۆر لە ئارادایە. دوای ڕوونکردنەوەکانی پارێزەرەکەم تێگەیشتم کە لێخۆشبوون بۆ ئەوانەی ماوەیەک لە زینداندا بوون ئیجبارییە و هەڵبژاردن نییە. ئەوان هیچ فۆرمێکیان واژۆ نەکردووە و لە زیندان ئازاد کراون، بەڵام بۆ تۆمەتباران هەڵبژاردنە. من پێم وایە ئێمە ناتوانین کەسانی دەستبەسەرکراو بەپێی واژۆکردن یان نەکردنی فۆرمەکە داوەری بکەین. گەلێ کەسم دیوە کە ژیانیان بە جۆرێک بووە و هەیە کە ئیدی توانای هیچ جۆرە گوشار و تێچوویەکیان نەماوە. ئەو دایکانەی منداڵی بچووکیان هەیە، ئەوانەی تووشی ترۆمای قورس بوون، کوڕێکی هێمۆسێکشواڵ کە دەترسێت بچێتە زیندانی پیاوان و ئازار (ی تەنانەت دەروونی) ببینێت. کەسانێک کە نەخۆشیی جەستەیی یان خەمۆکی و …یان هەیە و …؛ نە ئەو کەسەی واژۆی دەکات شکستخواردوو و سیخوڕ و خائینە، نە ئەوەی نایکات پاڵەوان و قارەمانە! ئاگامان لە دووبەرەکینانەوە بێت».