بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا شیلان کوردستانی، وەرگێڕ و ئەندامی گرووپی ژنانی «ژیوانۆ»، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە گشتی سزای ٤٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. ئەم حوکمە بۆ ماوەی ٣ ساڵ هەڵپەسێردراوە.

دادگای ئەم چالاکە مەدەنییە لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا (مارس) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بەڕێوە چوو، شیلان کوردستانی بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپی نایاساییدا» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە گرووپی ژنانی «ژیوانۆ»دا و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» بە ڕیز سزای ٢ ساڵ و ٩ مانگ و هەروەها ٧ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (یاسای کۆکردنەوەی سزاکان) ٢ ساڵ و ٩ مانگ لەم حوکمە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ئەمەش بۆ ماوەی ٣ ساڵ دەچێتە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.

شیلان کوردستانی، وەرگێڕ و ئەندامی گرووپی ژنانی «ژیوانۆ»ی سنە، لە ڕێکەوتی ١ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١دا (٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای دوو حەفتە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە ئازاد کرا.