ڕۆژی یەکشەممە ٤ی سەرماوەز (٢٤ی نۆڤامبەر) لە سەروبەندی ٢٥ی نۆڤامبەر ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژیی دژ بە ژناندا، ژمارەیەک لە ژنانی کوردستان بە بیروباوەڕی جیاوازەوە سەردانی مەزاری قوربانیانی ژنکوشتن و ژنانی گیانبەختکردوویان کرد و یادی ئەو ژنانەیان بەرز ڕاگرت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەشداربوان دوای ئەوەی چوونە سەر مەزاری بەشێک لەو ژنانەی بە دەستی پیاوانی بنەماڵە کوژراون و هەروەها ژنانی گیانبەختکردووی کوردستان، لەوانە نەسرین و شەهلا کەعبی، دوو خوشکی پەرستاری خەڵکی سەقز کە ساڵی ١٣٥٩ (١٩٨٠) لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئێعدام کران، جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی بەرزڕاگرتنی یادی ئەم قوربانیانە و بەرەنگاربوونەوەی هەرچەشنە توندوتیژییەکی دژ بە ژنان.

ژنانی ئامادەبوو لەم ڕێوڕەسمەدا پاش دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری گیانبەختکردوان و ڕاگەیاندنی خولەکێک بێدەنگی، پێداگریی خۆیان بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی دژ بە ژنان دووپات کردەوە. دواتر یەک لە ئامادەبوان بەیاننامەیەکی خوێندەوە کە تێیدا توندوتیژییە جۆراوجۆرەکانی دژ بە ژنان، لەوانە توندوتیژیی دەوڵەتی، کۆمەڵایەتی و ئابووری، بە توندی شەرمەزار کرابوو. لەم بەیاننامەیەدا هەروەها جەخت کرابووەوە لەسەر زەروورەتی بکەربوونی ژنان و کەڵکوەرگرتن لە توانا و ئیرادەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم توندوتیژیانە.

بەشداربوان لەم ڕێوڕەسمەدا جەختیان کردەوە کە ژنان نەک تەنها قوربانیی تەسلیمبووی تەندوتیژی نین بەڵکوو هێزێکی کاریگەر و پێشڕەون بۆ گۆڕانکاری و دروستکردنی داهاتوویەکی دوور لە توندوتیژی. بە وتەی یەک لە بەشداربوان، «ئەم ڕێوڕەسمە نواندنەوەی یەکیەتی و بەرخۆدانی ژنانی کورد بوو کە سەرەڕای هەموو جیاوازییە فیکری و ئایدیۆلۆژیکەکانیان لە بەرەی خەباتی دژ بە توندوتیژیی جێندەریدا هاوپشتی یەکن و پێکەوە خەبات دەکەن. ئامادەبوونی ئەم ژنانە هێمای وەستانەوە و بکەربوونی ژنانێکە کە بۆ ئازادی و یەکسانی تێدەکۆشن».

ئەم ڕێوڕەسمە بە وتنەوەی سروودی «من ژنم» و دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» کۆتایی پێ هات.