لەم ڕۆژانەی دواییدا دوو ژنی کورد بە ناوەکانی کەوسەر دارابی و زارا (زەهرا) شەهبازی لە شارەکانی کرماشان و ئیلام بە دەستی هاوسەرەکانیان کوژراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، کەوسەر دارابی ڕۆژی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٣ (١ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە شاری کرماشان بە دەستی هاوسەرەکەی و بە فیشەک کوژراوە. دەوترێت ئەم ژنە ١٨ ساڵەیە کە نزیکەی دوو مانگ لەمەوپێش بە زۆر هاوسەرگیریی پێ کرابوو، پێش ئەوەی بکوژرێت بە سەختی لە لایەن هاوسەرەکەیەوە ئەشکەنجە درابوو، بە شێوەیەک کە ئاسەواری شینبوونەوە بەسەر لەشیەوە دیار بووە. ئەم کوشتنە لە دەرەوەی ماڵی خۆیان و لە دەوروبەری شاری کرماشاندا ڕووی داوە و بکوژیش دەستبەسەر کراوە.

هەروەها ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٧ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) زارا (زەهرا) شەهبازی بە دەستی هاوسەرەکەی و بە فیشەک لە شاری ئیلام کوژراوە. ئەم ژنە ٢٨ ساڵان و دایکی دوو منداڵ بووە. دەوترێت هاوسەرەکەی گیرۆدەی مادەی هۆشبەر و پێشینەی توندوتیژیی بووە و دوای کوشتنەکەیش هەڵاتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣وە تا ئێستا لانیکەم ١٧ ژنی کورد بوونەتە قوربانیی دیاردەی ژنکوشتن.

ژمارەیەک لە چالاکانی ژن ڕۆژی ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لەگەڵ ژمارەیەک لە پیاواندا و لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانەدا دژ بە «ژنکوشتن» و کوژرانی غەزاڵە حدوودی، لە شوێنی کوشتنەکەیدا لە شاری سنە گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییانەیان پێک هێنا. بەشداربوان پلاکاردی «ژن، ژیان، ئازادی»یان هەڵکرد و دژ بە بەردەوامبوونی توندوتیژیی دژ بە ژنان و دیاردەی ژنکوشتن بەیاننامەیەکیان خوێندەوە.

غەزاڵە حدوودی، ٢٨ ساڵان و دایکی منداڵێک، ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٤ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) دوای ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیریی خوازبینەکەی، بە دەستی ئەو پیاوە و لە دووکانی بەرگدوورییەکەی خۆیدا لە سنە ئاگری تێ بەر درا و دوو ڕۆژ دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.