ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٧ی مارسی ٢٠٢٥) سەرەڕای هەموو گوشارەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان بۆ ڕێگریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان، ژمارەیەک لە چالاکانی بواری مافەکانی ژنان لەگەڵ چالاکانی پیشەیی، کرێکاری و دایکانی ئاشتیدا لە شاری سنە گرد بوونەوە و یادی ئەم ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم ڕێوڕەسمە بە بەشداریی حەوت گرووپی مەدەنیی سنە بە ناوەکانی چالاکانی مافەکانی ژنانی سنە، یەکیەتی (هاوپشتی)ی ژنانی کوردستان، ژنەچالاکانی مەدەنیی سنە، دایکانی ئاشتی، گرووپی وەرزشیی ئەرخەوانی سنە، گرووپی شاخەوانی-فەرهەنگیی چلچەمەی سنە و ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بەڕێوە چوو.
بەشداربوان کۆمەڵەدروشمێکیان بۆ پاڵپشتیکردن لە مافەکانی ژنان، ڕەتکردنەوەی سزای لەسێدارەدان و کوشتنە نامووسییەکان وتەوە. هەروەها لەم ڕێوڕەسمەدا بەیاننامەیەک لە لایەن سێ ڕێکخراوەی مافەکانی ژنانەوەخوێنرایەوە.
کۆی دەقی بەیاننامەکە:
هەشتی مارس وەبیرهێنەرەوەی خەباتی مێژوویی ژنانە دژ بە ستەم، نایەکسانی و چەوساندنەوە. ئەم ڕۆژە کە لە چالاکیی ژنانی کرێکارەوە لە سەدەی نۆزدەدا سەرچاوەی گرتووە، بوو بە دەسپێکی بزاڤێکی بەربڵاو کە گەلێ دەستکەوتی گرنگی لە بواری مافە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا بەدواوە بووە، لە خەبات بۆ مافی دەنگدانەوە تا بەرەنگاربوونەوەی سیستەمە پیاوسالارەکان و توندوتیژییە ناخگیر و ڕێکخراوەکان، ژنان هەمیشە بۆ ئازادی و یەکسانی هەوڵی شێلگیرانەیان داوە و سەرەڕای هەموو بەربەستەکان، وازیان لە خولیا و ئارمانەکانی خۆیان نەهێناوە.
لەگەڵ ئەمەشدا، دامودەزگای دەسەڵات لە ئێراندا هەمیشە لە ڕێگای سیاسەتی دژەژنەوە هەوڵی داوە ژنان لە مافە بنچینەییەکانیان بێبەش بکات. یاسای سەرکوتکارانەی وەک حیجابی زۆرەملێ، منداڵ-هاوسەری، سەرکوتکردنی ئازادییە تاکییەکان و پێشێلکردنی مافی زاوزێ، بوونەتە کەرەستەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی ژنان و ڕەوایەتیدان بە دەسەڵاتی پیاوسالارانە. ئەم سیاسەتانە نەک تەنها ئازادی و ئیختیاری ژنانیان بەرکورت کردووەتەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی بەربڵاو توندوتیژیی دژ بە ژنانیان گۆڕیوە بۆ ڕێکارێکی یاسایی و ڕەوا. ئاماری ڕوولەپەرەی ژنکوشتن، دەستدرێژی، ئازاردانی منداڵان و سەپاندنی سزای قورس بەسەر ژناندا نیشاندەری دۆخی دڵتەزێنی ژنە لە ئێراندا. هەروەها هەڵاواردن لە دابەشکردنی سەرچاوەکان لە چوارچێوەی سیستەمی نایەکسانی نیۆلیبراڵ و قەیرانە ئابوورییەکاندا زیاترین گوشاری خستووەتە سەر توێژە خوارتر و ژێرمەترسییەکانی کۆمەڵگا و لەوانەش ژنان، بەتایبەت ژنانی ناوچە پەراوێزخراوەکانی وەک ژنانی بەلووچ، کورد، پەنابەر و بەشێکی گەورە لەو ژنانەی خەریکی کاری نافەرمین. لە ئاوا دۆخێکدا، ژنان هاوئاڕاستە لەگەڵ بزووتنەوەی ژنان لە بزاڤەکانی دیکەی وەک کرێکاران، خانەنشینان، مامۆستایان و خوێندکاراندا، هاودڵ و هاوپشت بەشدارییان لە گۆڕەپانی خەبات بۆ دادپەروەری و یەکسانیدا کردووە و دەنگی ئەو توێژانەیان لە بەرانبەر ستەمە ڕێکخراو و سیستەماتیکەکاندا چەندهێندە بەهێزتر کردووەتەوە.
ژنانی ئێران دیلی دەستی حکومەتێکن کە بە توندی لە بوونی ژنان دەترسێت و دەتۆقێت. ئەم ترسە لەدوای شۆڕشی ژینا و دروشمە پێشکەوتنخوازەکەیەوە، «ژن، ژیان، ئازادی»، هێندە پەرەی سەندووە کە حکومەت گەلێ سزای لەسێدارەدان و بەندکرانی بەسەر ژنانی خەباتکاردا سەپاندووە. ژنانێکی وەک پەخشان عەزیزی، شەریفە محەممەدی و وریشە مورادی کە حکومەت هەوڵی دەدا دەنگیان کپ بکات، بوونەتە هێمایەک بۆ بەرخۆدان لە هەمبەر سیاسەتی سەرکوتکارانەدا. ئەم دەنگانە نەک تەنها کپ نەکراون بەڵکوو بوونەتە هاوارێکی جیهانی دژ بە ملهوڕی و ئیستیبداد.
لەم نێوانەدا، خەباتی ژنانی کوردستان وەکوو یەک لە دیارترین نموونە پێشڕەوەکان لە بزووتنەوە ڕزگاریبەخشەکانی ژناندا، بووەتە هێمایەک بۆ پێگەشتوویی و گەورەبوونی ئەم بزووتنەوانە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا. ژنانی کورد نەک تەنها دژ بە ستەمە چەندجەمسەرییە جێندەری، نەتەوەیی و چینایەتییەکان خەباتیان کردووە، بەڵکوو لە ڕێگای پێکهێنانی دامەزراوەی سەربەخۆ و ڕێکخراوەوە سەرچەشنێکی نوێیان بۆ بەرخۆدان، خۆبەڕێکخستنکردن و خەباتی ئازادیخوازانە پێشکەش کردووە. ئەوان لە سەنگەرەکانی شەڕ و لە بەستێنە کۆمەڵایەتی و فیکرییەکاندا، پێداگرانە و فیداکارانە دەورێکی بێوێنە و ناوازەیان لە بەرەوپێشبردنی خولیا و ئارمانەکانی یەکسانی و ئازادیدا گێڕاوە. ڕێکخستن و بەشداریی ژنان لە هەموو بەستێنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئازادیی ژنان بنەمای ئازادیی سەرجەم کۆمەڵگەیە.
بزووتنەوەی ژنان ڕێگایەکی بێگەڕانەوەی بڕیوە. هۆشیاری، بەڕێکخستنبوون و ئەزموونی مێژوویی ئەم خەباتانە، گەڕانەوە بۆ سەردەمی نایەکسانی و ستەمی کردووەتە شتێکی مەحاڵ و نامومکین. ژنان لە هەرهەموو جیهان و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئیدی قەت ناگەڕێنەوە بۆ سەردەمێک کە دەنگیان کپ کرابوو. ئەم جووڵانەوەیە نەک تەنها بۆ ژنان بەڵکوو بۆ کۆی کۆمەڵگەکان بەدیهێنەری گۆڕانکارییەکی بنچینەیی و بێگەڕانەوەیە. سەرکەوتن لەم ڕێگایەدا نەک ئەگەرێک بەڵکوو زەروورەتێکی بێئەملاولایە لە پێناو دەستەبەرکردنی دادپەروەری و ئازادیدا.
ئێمە ڕادەگەیەنین کە هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن، وەبیرهێنەرەوەی بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەمەلایەنەیە کە ژنانی ئێران و بەتایبەت ژنانی کوردستان پاڵ پێوە دەنێت تاکوو لە پێناو بەدیهێنانی خولیا و ئامانجەکانیاندا هەوڵێکی پتەوتر لە ڕابردوو بخەنە گەڕ. ژنان و پیاوان لە تەنیشت یەکدیدا بەرەنگاری نایەکسانییە فرەڕەنگەکان بوونەتەوە و خەبات دەکەن بۆ پێکهێنانی جیهانێکی ئازاد، یەکسان و دادپەروەرانە. لەسەر ئەم بنەمایە، ئەمساڵ لە ڕۆژی جیهانیی ژندا دەبێ دروشمی نا بۆ سێدارە، نا بۆ کوشتنە نامووسییەکان و خەباتی یەکگرتوو دژ بە گرانی و نایەکسانی بکەینە سەرچڵ و مانشێتی خەبات و تێکۆشانەکانمان.
یەکیهتی (هاوپشتی)ی ژنانی کوردستان
چالاکانی مافەکانی ژنانی سنە
ژنەچالاکانی مەدەنیی سنە



