ئێوارەی پێنجشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٧ی جولایی ٢٠٢٥) ژن و پیاوێکی لاو لە شاری دێولانی سەر بە پارێزگای کوردستاندا کوژران.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئێوارەی ڕۆژی ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٧ی جولایی ٢٠٢٥) پیاوێک بە چەکی گەرمەوە چووە ناو دووکانێکی کوتاڵفرۆشییەوە لە ناوەندی شاری دێولاندا، ئەو پیاوە هێرشبەرە سەرەتا تەقەی لە ژنێک بە ناوی چنوور عەباسی کرد کە هاوژینی خاوەنی دووکانەکە بوو، پاشان لە بەرچاوی کچە حەوت ساڵانەکەیاندا بە چەقۆ پەیام سەرمەستیی هاوژینی چنووری کوشت.

چنووریش کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا بە سەختی بریندار بووبوو، گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی سنە، بەڵام لە ناو ڕێگادا و بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

دەوترێت هێرشبەرەکە ناوی خ.م بووە کە پێشتر چەندین جار داوای لە چنوور عەباسی کردبوو واز لە پەیام سەرمەستیی هاوسەری بێنێت و لەگەڵ ئەودا هاوسەرگیری بکات، بەڵام چنوور هەموو جار داواکارییەکەی بە توندی ڕەت کردبووەوە.

بکوژ لە لایەن خەڵکی گەڕەکەکەوە دەستگیر کرا و هەر لەوێ ڕادەستی هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامی کرا.