لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵی کوشتنی ژنێکی خەڵکی مەهاباد بە دەستی هاوسەرەکەی لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو کرایەوە. لەم ڕاپۆرتەدا کە لەسەر بنەمای وتووێژ لەگەڵ کەسێکی ئاگاداردا ئامادە کراوە، وردەکارییەکانی ئەم «ژنکوشتن»ـە بڵاو دەکەینەوە.

شەهلا کەریمیانی، ٣٨ ساڵان و دایکی دوو منداڵ، نزیکەی ٢٠ ڕۆژ لەمەوبەر بە دەستی هاوسەرەکەی (ئومێد. ئەلف) بە هاوکاریی برای هاوسەرەکەی، بە شێوەی «خنکاندن بە لەچک» کوژرابوو و تەرمەکەیشی لە لایەن بکوژەکانەوە بە شێوەی نهێنی لە گوندی «بەفراوان»ی مەهاباد ئەسپەردە کرابوو.

هاوسەرەکەی شەهلا سەرەتا هەوڵی دابوو بە سیانریۆیەکی ساختە وای بنوێنێت کە شەهلا لەگەڵ پیاوێکدا بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵاتووە. هەر بۆیە بە مۆبایلەکەی شەهلا هەندێ نامەی بۆ بنەماڵەکەی ناردبوو و لە نامەکاندا وتبووی «لەگەڵ پیاوێکدا هەڵاتووە و ژیانێکی باشی دەبێت»، پاشان مۆبایلەکەی لە نزیک سنووری هەرێمی کوردستان فڕێ دابوو تاکوو باوەڕ بە چیرۆکە ساختەکەی بکەن.

بنەماڵەی شەهلا، بەتایبەت خوشکەکەی کە ئاگادار کێشە خێزانییەکانی و هەڕەشە بەردەوامەکانی هاوسەرەکەی بوو، باوەڕیان بەم سیناریۆ ساختەیە نەکرد و سکاڵایان لە دژی هاوسەرەکەی تۆمار کرد. ئومێد دوای ئەوەی دەستبەسەر کرا، دانی بەوەدا نا کە بە هاوکاریی براکەی شەهلایان کوشتووە.

بەپێی وتەکانی خۆی، ئومێد شەهلای بە لەچکێک خنکاندووە، دەست و پێیەکانی بەستووەتەوە و کیسەیەکی نایلۆنیی بە سەریدا کردووە، پاشان تەرمەکەی بردووەتە گوندی «بەفراوان» کە زێدی باوکیەتی و لە گۆڕستانەکەی ئەو گوندەدا ئەسپەردەی کردووە.

پێش دانپیانانەکەی ئومێد، خەڵکی گوندەکە گۆڕێکی تازەیان لە گۆڕستانەکەدا بینیبوو و هەر بۆیە ئیدارەی پۆلیسی ئاگاهیی «دارەلەک»یان ئاگادار کردبووەوە. بنەماڵەی شەهلایش لە هەواڵەکە ئاگادار دەبنەوە. بە وتەی کەسێکی نزیکی شەهلا، بنەماڵەکەی بۆ ماوەی سێ شەووڕۆژ لە لای مەزارەکە مانەوە تاکوو قۆناغە ئیدارییەکان تەواو بکرێت و مۆڵەتی یاسایی بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکە دەر بکرێت، چونکوو هەڵدانەوەی گۆڕەکە بەسترابووەوە بە دانپیانانی هاوسەرەکەیەوە.

دواجار ڕۆژی ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) تەرمی شەهلا کەریمیانی دوای ئەوەی لە لایەن پزیشکیی دادەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە، بە ئامادەبوونی خزمان و نزیکانی بنەماڵە، لە گۆڕستانی گوندەکەی خۆیان، «خوڕخوڕە»، لە لای مەزاری دایکی ئەسپەردەی خاک کرا.

کوشتنی شەهلا کەریمیانی وەکوو زۆربەی حاڵەتەکانی تری «ژنکوشتن» لە ئێراندا، لە هاوسەرگیرییەکی پێشوەختەوە دەستی پێ کرد؛ بە مێرمنداڵی هاوسەرگیریی کرد و بەرهەمی ئەم زەواجە دوو منداڵی ١٩ و ١٥ ساڵانە. شەهلا بە درێژایی هەموو ساڵانی ژیانی هاوبەش لە لایەن هاوسەرەکەی و تەنانەت بنەماڵەی هاوسەرەکەیەوە ڕووبەڕووی تۆمەتی «خیانەت» و جۆرەها توندوتیژیی فیزیکی و زارەکی بووەتەوە.

لەو ساڵانەدا دوو جار بە شێوەی فەرمی لە ئومێد جیا بووەوە، بەڵام هاوسەرەکەی هەردوو جار پەشیمانیی دەر بڕیبوو و بەڵێنی زۆری پێ دابوو، شەهلایش لەبەر منداڵەکانی دیسان گەڕابوویەوە بۆ ناو ژیانە هاوبەشەکەی. دوای یەکەم گەڕانەوە ئیدی پشتگیریی باوک و براکانیشی لە دەست دا، دوو ساڵ لەمەوبەر کە بۆ دووەم جار تەڵاقی وەرگرت، ماوەیەک لە ماڵی خوشکەکەی ژیانی دەکرد.

پاش ماوەیەک لە کارگەیەکی پاکەتکردن (بەستەبەندی) لە ناوچەی پیشەسازیی پیرانشار کارێکی دۆزییەوە و ژیانی گواستەوە بۆ ماڵێکی کرێ لە نزیک شوێنی کارەکەی، بەو هیوایەی دەست بە ژیانێکی سەربەخۆ بکات. بەڵام هاوەسەرە پێشووەکەی کە لەو ماوەیەدا هاوسەرگیرییەکی تریشی کردبوو، سەرلەنوێ ڕۆیشتەوە بۆ لای و وتی لە هەموو شت پەشیمانە و بە بیانووی «داهاتووی منداڵەکان» ڕازیی کردبوو دیسان بگەڕێتەوە و نزیکەی دوو مانگ لەمەوپێش سەرلەنوێ پرۆسەی مارەبڕینیان ئەنجام دا. ئومێد بە مەبەستی دڵنیاکردنەوەی شەهلا بردی بۆ سەفەر و لە مەهابادیش ماڵێکی بە کرێ بۆ گرت.

هەموو ئەمانە لە کاتێکدا بوو کە بە وتەی نزیکانی شەهلا، بە درێژایی هەموو ساڵانی ژیانی هاوبەش و تەنانەت لە هەردوو جاری جیابوونەوەیشدا، ئومێد و بنەماڵەکەی تۆمەتی «پێوەندی لەگەڵ پیاوان» و «خیانەت»یان ئاڕاستەی شەهلا دەکرد. ئومێد چەندین جار بەرۆکی ئەو پیاوانەی گرتبوو کە شەهلا بە جۆرێک لە جۆرەکان دەیناسین یان لە شوێنی کارەکەیدا دەیبینین، هەڕەشەی شکات و سکاڵاکردنی لێ دەکردن و دەیوت لەگەڵ هاوسەرەکەی لە پێوەندیدا بوون. تەنانەت لە هەندێ حاڵەتدا بە زۆر و هەڕەشە پارەی لەو پیاوانە سەندبوو و بەم دواییانە نزیکەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنی لە یەکێکیان وەرگرتبوو.

کوشتنی ژنانێکی وەکوو شەهلا کەریمیانی، بەدەر لە تراژیدیایەکی تاکەکەسی، ڕەنگدانەوەی ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتیانەیە کە بەردەوام توندوتیژیی دژ بە ژنان بەرهەم دەهێننەوە. ئەم «ژنکوشتن»ـە لانیکەم دوو ڕاستیی تاڵ و دڵتەزێن ئاشکرا دەکات:

بە ئاستی یەکەم، لە نەبوونی دامەزراوە و دەزگای پاڵپشتیکاری کارامەدا بۆ پشتگیریکردنی ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بە کردەوە بنەماڵە دەبێتە تاکەپەناگەیان. کاتێک ژنان بە هەر هۆکارێک ئەو پشتگیرییە لە دەست دەدەن ئیدی بێبەرگری و بێپەنا دەکەون. لە ئاوا هەلومەرجێکدا، زۆربەی ژنان، بەتایبەت ئەوانەی دایکن و منداڵیان هەیە، بە ناچار درێژە بە ژیان لە لای بکەری توندوتیژییەکەدا دەدەن، چونکوو هیچ بژاردەیەکی دیکە نادۆزنەوە.

بە ئاستی دووەم، لە کۆمەڵگەیەکی وەکوو ئێراندا یاسا و نۆرمە کولتوورییەکان لە هەندێ حاڵەتدا بە شێوەی نەنووسراو و نائاشکرا یان تەنانەت بە شێوەی یاسایی و ئاشکرا، ڕەوایەتی بە کوشتنی ژنان لەژێر ناوی «نامووس»دا دەدەن. یاسادانەر بۆ ئەو بکوژانەی بە پاساوی «بەرگریکردن لە نامووس» ژنان دەکوژن، کەمکردنەوەی سزای لە بەرچاو گرتووە و هەر ئەمەیش زەمینەی کۆمەڵایەتیی ڕەوایەتیدان بەم جۆرە تاوانانەی خۆش کردووە.

هەر بۆیە زۆربەی ئەو پیاوانەی تووشی کوشتنی ژنان دەبن، دواتر هەوڵ دەدەن بە ڕووبەڕووکردەوەی تۆمەتی «خیانەت» ڕەوایەتی بە کردەکەی خۆیان بدەن. زۆرجار ئەو گێڕانەوانە لە ڕاگەیاندنەکانیشدا بڵاو دەکرێنەوە و لەم ڕێگایەوە بەرهەم دەهێنرێنەوە و ژنان بۆ جارێکی دیکە قوربانی دەکرێن: جارێک لە ڕووداوی کوشتنەکەدا و جاری دووەم لە گێڕانەوە و ڕەنگدانەوەی پیاوسالارانەی ڕووداوەکەدا.