ژنێکی ٤٢ ساڵانی خەڵکی مەریوان بە ناوی لەیلا عەلیڕەمایی بە دەستی پیاوێکی دراوسێی بە چەکی گەرم کوژرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) کەسێک بە ناوی کەیوان باسامی کە چەکێکی کڵاشینکۆفی پێ بووە، لە شارۆچکەی هیجرەت (جووجەسازی)ی مەریوان و لە بەردەم دووکانێکدا کە شوێنی کاری لەیلا عەلیڕەمایی بووە، دەسڕێژی گوللەی لەم هاووڵاتییە کردووە و کوشتوویەتی. ڕووداوەکە لە نزیک قوتابخانەیەکدا ڕووی داوە و لەو کاتەدا ژمارەیەکی زۆر لە خوێندەڤانانی ئەو قوتابخانەیە لە نزیکەوە دیمەنی کوشتنەکەیان بینیوە.  

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بکوژی لەیلا کە دراوسێی بوو و لە نزیک ماڵەکەی دەژیا، چەندین جار داوای لێ کردبوو واز لە هاوسەرەکەی بێنێت و لەگەڵ ئەودا هاوسەرگیری بکات. بەڵام دوای ئەوەی لەیلا پێشنیارەکەی بە توندی ڕەت کردبووەوە، بڕیاری کوشتنی داوە و جێبەجێی کردووە.

لەیلا عەلیڕەمایی خێزاندار و دایکی دوو منداڵ بوو.

دەوترێت کەیوان باسامی ئەندامی هێزی بەسیجی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بووە و لە ڕابردوویشدا پێشینەی توندوتیژیی قورس و بەردەوامی لە بەرانبەر هاوسەری پێشوو و ئێستەیدا هەبووە و هاوسەری یەکەمی هەر لەبەر ئەم توندوتیژیانە وازی لێ هێناوە و جیا بووەتەوە.