ژنکوشتن لە بۆکان؛ کوشتنی ژنێک بە دەستی هاوسەری پێشووی
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/rights-ku/womens-rights-ku/2025/12/07/p45662
ڕۆژی ڕابردوو لە شاری بۆکان لەیلا ئازەری بە دەستی هاوسەری پێشووی کوژرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم ژنە ٣٩ ساڵەیەی خەڵکی گوندی «ئاقتەپە»ی سایین قەڵا، ڕۆژی ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٦ی دیسامبەری ٢٠٢٥) لە شاری بۆکان کەوتە بەر پەلاماری بەردی هاوسەرە پێشووەکەی و بە هۆی بەرکەوتنی سەریەوە گیانی لە دەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لەیلا دوو ساڵ لەمەوپێش بە هۆی هاوسەرگیریی دووبارەی هاوسەرەکەیەوە لێی جیا بووەوە. پیاوەکە بە درێژایی ئەو ماوەیە چەندەها جار بە هەڕەشە و توندوتیژی هەوڵی دابوو لەیلا ناچار بە گەڕانەوە بکات، بەڵام سەرباری جیابوونەوەی هاوسەرە دووەمەیەکیشی، لەیلا ئامادە نەبووبوو بڕواتەوە بۆ ناو ژیانی هاوبەشی پێشووی».
ڕۆژی شەممە ١٥ی سەرماوەز (٦ی دیسامبەر) دوای ئەوەی لەیلا دیسان داواکاریی هاوسەرە پێشووەکەی ڕەت کردەوە، لە لایەن ئەو پیاوەوە پەلامار درا و کوژرا، تەرمەکەیشی لە گوندی «کانیی ئەڵڵاسەیدە»ی بۆکان دۆزرایەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، بکوژ دەستبەسەر کراوە و ددانی بە تاوانەکەدا ناوە.
لەیلا ئازەری منداڵێکی کچی هەبوو کە دوای جیابوونەوە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی گرتبووە ئەستۆ و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆی و منداڵەکەی لە ڕیستۆرانێکدا کاری دەکرد.
بابەتی پەیوەندیدار
-
دایک و کچێکی کورد بە دەستی بەرپرسێکی تالیبان لە ئەفغانستان کوژران
-
گیانبەختکردنی هاووڵاتییەکی کورد لە پێکدادانێکدا لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداران؛ تەرمەکەی هێشتا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە
-
دەستبەسەرکردنی پێنج هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان و سایینقەڵا
-
دەستبەسەرکردنی شەش هاووڵاتیی کورد لە بۆکان، مەهاباد و شنۆ
-
بەردەوامیی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورد؛ دەستبەسەرکردنی چوار هاووڵاتی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە بۆکان و مەهاباد
-
دەستبەسەرکردنی محەممەد ئیسماعیلی و حەسەن شادیخاە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان و شنۆ