ژنێکی کورد بە ناوی ماریا حسەینپەناهی بە دەستی هاوسەرەکەی لە شاری سنە کوژرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ماریا حسەینپەناهی و شوان ناسری تازە ژیانی هاوبەشیان دەست پێ کردبوو. ماریای ٣٢ ساڵان کە دوو گیانیش بوو، ڕۆژی ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ (٣ی فێبرییەی ٢٠٢٦) دوابەدوای دەمەقڕەیەک کەوتە بەر پەلاماری چەقۆی هاوسەرەکەی و بە سەختی بریندار بوو، دواجار چەند کاتژمێرێک پاش گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

بە وتەی هەندێ سەرچاوەی نزیک لە بنەماڵەی ماریا حسەینپەناهی، پێش ڕووداوەکە دەمەقڕەیەک لە نێوانیاندا ڕووی دابوو و شوان دوای بەجێهێشتنی ماڵەکە لە پێوەندییەکدا لەگەڵ خوشکی ماریا هەڕەشەی کردبوو کە دوای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە ماریا دەکوژێت. خوشکەکەی ئەو هەڕەشەیەی بە هەند وەرگرتبوو و داوای لە ماریا کردبوو ماڵەکە بەجێ بهێڵێت، بەڵام ماریا پێی وا بوو ئەم جارەیش وەکوو هەمیشە هەرتەنها لە ئاستی هەڕەشەدا دەمێنێتەوە، هەروەها لەبەر نەبوونی ئۆتۆمبێل نەڕۆیشتبووە دەرەوە.

خوشکەکەی هاوکات پۆلیس و ئیدارەی ئاگاهیشی لە بابەتەکە ئاگادار کردبووەوە. دیسانەوە پێوەندیی بە ماریاوە کردبوو و ئەم جارە دەنگی هاواری خوشکەکەی بیستبوو کە وتبووی شوان بە چەقۆیەکەوە گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە، دوای ئەوە ئیدی یەکسەر پێوەندییەکە پچڕابوو.

ماریا بە برینی سەختەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام سەرباری ئەنجامدانی نەشتەرگەری، گیانی لە دەست دا و دوکتورەکان تەنانەت نەیانتوانی کۆرپەلەکەیشی ڕزگار بکەن.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ڕووداوەکە لە بەردەم دایکی شوانەدا ڕووی داوە و ئەویش هێندە شۆک بووە کە جەڵدەی دڵی کردووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

دەوترێت شوان ناسری لە لایەن پۆلیسی ئاگاهییەوە دەستبەسەر کراوە.