ژنێکی کوردی خەڵکی مەریوان بە ناوی خاترە (ئاوات) ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ (١٢ی فێڤرییەی ٢٠٢٦) لە شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان کوژرا.

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاندووە کە ئەم ژنە بە چوار گوللە کوژراوە و هێزەکانیان دوای بیستنی دەنگی تەقە تەرمی ئاواتیان لە ناو ماڵێکدا دۆزیوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم ڕووداوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەو پیاوەی گومانی کوشتنەکەی لەسەرە، پێشتر چەندین جار کێشەی بۆ ئەو ژنە دروست کردووە و ئاوات سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار کردبوو. دوابەدوای سکاڵاکە ئەو پیاوە ماوەیەکیش دەستبەسەر و زیندانی کرابوو. بەڵام سەرباری ئەمەیش وازی لە هەڕەشەکردن لە ئاوات نەهێنابوو و وتبووی دوای ئازادبوون تۆڵەت لێ دەکەمەوە».

دەوترێت پیاوەکە دوای کوشتنی ئاوات لە لایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستبەسەر کراوە.

ئاوات خێزاندار و دایکی منداڵێک بوو و لەم ساڵانەی دواییدا لە شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان لە هۆڵێکی جوانکاریی ژناندا کاری دەکرد.