فریشتە ڕەحمانزادە و باوکی، عەلی ڕەحمانزادە، بە دەستی هاوسەرە پێشووەکەی بە دەسڕێژی گوللە کوژران.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (١٢ی جولایی ٢٠٢٦) فریشتە ڕەحمانزادە و باوکی لەگەڵ چەند پۆلیسێکی هێزی ئینتیزامیدا بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و وەرگرتنی ماڵوموڵکی فریشتە کە دوای جیابوونەوە و بەپێی بڕیاری دادگا پێی درابوو، دەڕۆن بۆ باخێک لە جادەی کۆنی سەقز-مەریوان. لە پرۆسەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگادا، سەلاح فەرەجپوور، هاوژینی پێشووی فریشتە، بە چەکی گەرم تەقە لە فریشتە و باوکی دەکات و لە ئەنجامی دەسڕێژەکەدا هەردووکیان گیانیان لە دەست دەدەن.

دەوترێت هۆکاری ئەم کوشتنە ناڕازیبوونی بکوژ بووە لە بڕیارەکەی دادگا. دادگای سەقز دوای جیابوونەوەی ئەم دوو کەسە، مافی وەرگرتنی کۆی مارەیی، سەرپەرشتیی دوو منداڵەکەیان و بەشێک لە ماڵوموڵکی هاوبەشیانی بە فریشتە ڕەحمانزادە دابوو.