پیاوێکی خەڵکی گوندی «ئاقدووز»ی شاری چاڵدێران، هاوسەرە دووگیانەکەی و کچە بچووکەکەی و دایکی خۆی بە چەقۆ کوشتووە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، محەممەد قەویدڵ، ٣٣ ساڵان، ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (١٥ی جولایی ٢٠٢٦) بە چەقۆ پەلاماری سێ ئەندامی بنەماڵەکەی خۆی داوە و هەرسێکیانی کوشتووە، قوربانییەکان بریتیین لە هاوسەرە دووگیانە ٣٠ ساڵانەکەی، هەوا ئەمیری، کچە سێ ساڵانەکەی، بیتا قەویدڵ و دایکە ٦٢ ساڵانەکەی، سەیران حەکیمی.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵنێرییە فەرمییەکانی ئێران، بکوژ دوای ڕووداوەکە هەڵاتبوو، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لە لایەن پۆلیسی هێزی ئینتیزامییەوە دەستبەسەر کراوە. محەممەد قەویدڵ لە لێپرسینەوەکاندا وتوویەتی هۆکاری تاوانکارییەکەی «گرفتی خێزانی و کێشەی کەسی» بووە.