لەتیفە موحەممەدزادە، هاووڵاتیی ٤٩ ساڵانی خەڵکی سەقز، لە جادەیەکی گوندەکانی ئەم شارەدا بە دەستی هاوسەری پێشووی بە چەقۆ کوژرا.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) ئەم ژنە کە وەکوو شۆفێر لە ئاژانسێکی تەکسیدا کاری دەکرد، لە ڕێگای گەڕانەوەدا لە گوندی «یوورقەل»ـەوە بەرەو سەقز، کەوتە بەر پەلاماری ئومێد فەیزیی کۆنەهاوسەری و بە چەقۆ کوژرا.
بە وتەی یەکێک لە خزمانی، لەم پەلامارەدا ئێسقانەکانی لەش و کاکیلەیشی شکاوە و تەرمەکەی هەر لە کەنار جادەکە فڕێ دراوە.
لەتیفە موحەممەدزادە ساڵی ڕابردوو لە ئومێد فەیزی جیا بووبووەوە، بەڵام بە درێژایی ئەو ماوەیە چەندەها جار لە لایەن هاوسەری پێشوویەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ کرابوو. لەتیفە بە هۆی هەڕەشە و توندوتیژییەکانی هاوسەری پێشوویەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کردبوو و چەند ڕۆژێک پێشتریش دادگا بڕیاری بەندکردن و پێبژاردنی پارەی بۆ بڕیبووەوە.
دەوترێت ئومێد فەیزی دوای کوشتنەکە هەڵاتووە و تا ئێستە دەستبەسەر نەکراوە.
لەتیفە موحەممەدزادە سەرپەرشتیی کوڕە ١٦ ساڵەکەی لە ئەستۆ بوو و لە ڕێگەی کارکردنەوە لە ئاژانسێکی تەکسی و کرێکاری لە مەزرای کشتوکاڵدا بژێوی ژیانی دابین دەکرد. ئەم هاووڵاتییە لەدایکبووی یەکی خەرمانانی ١٣٥٥ (٢٣ی ئاگۆستی ٩٧٦) بوو و چەند ڕۆژێک پێش ساڵڕۆژی ٥٠ ساڵییەکەی کوژرا.