ئاتووسا جەعفەری، هاووڵاتیی ٢٧ ساڵانی خەڵکی سنە، بە دەستی هاوسەری پێشووی هەر لەم شارەدا بە چەقۆ کوژرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵەدا بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی یەکشەممە ١ی خەرمانانی ١٤٠٥ (٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) ئەم ژنە لاوە کە فەرمانبەری ئیدارەی پۆست بوو، کاتێک بە مەبەستی ڕۆیشتن بۆ سەر کارەکەی سواری ئۆتۆمبێل دەبوو، کەوتە بەر پەلاماری چەقۆی هاوسەری پێشووی و کوژرا».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئاتووسا جەعفەری و هاوسەرەکەی دوو ساڵ لەمەوپێش لێکتر جیا بووبوونەوە و لەگەڵ دایکی دەژیا و بە درێژایی ئەو ماوەیە چەندین جار لە لایەن ئەو پیاوەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە و ئەزیەتدان بووبووەوە.
ئاتووسا جەعفەری، ٢٧ ساڵان، هەڵگری بەڵگەنامەی ماستەر لە بەشی یاسای تاوان و ڕاهێنەر و داوەری کۆنگفۆتوا بوو.
ئەمە دووەم حاڵەتی ژنکوشتنە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا. پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٥یشدا (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) لەتیفە موحەممەدزادە، هاووڵاتیی ٤٩ ساڵانی خەڵکی سەقز، لە جادەی گوندێکی ئەم شارەدا بە دەستی هاوسەری پێشووی بە چەقۆ کوژرا.