لاوێكی به‌ندكراو به ناوی شاهین موسته‌فه‌وی لەبەر دەربڕینی ناڕه‌زایه‌تی لە ئاست بارودۆخی قه‌ره‌نتینه و خواردنی به‌ندیخانه‌ی بۆكاندا له لایه‌ن دوو به‌رپرسی ئه‌م زیندانەوە كه‌وته به‌ر په‌لامار و لێدانی قورسەوە. ئه‌م ئهشكەنجهدانە بۆتە هۆی شکاندنی ددانێک و زەبرپێگەیشتنی چه‌ند ئەندامێکی جەستە ئەو بەندکراوە و ئێستا لە بارودۆخێکی ناجێگیردایە.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی ڕاگه‌یاند: «شه‌وی ٢٧ی پووشپه‌ڕ، لاوێكی به‌ندكراو به ناوی شاهین موسته‌فه‌وی لەبەر دەربڕینی ناڕه‌زایه‌تی لە ئاست بارودۆخی قه‌ره‌نتینه و خواردنی به‌ندیخانه‌ی بۆكاندا له لایه‌ن دوو به‌رپرسی بەندیخانهوه به ناوه‌كانی “ئه‌حمه‌دیان و كازمی” ڕه‌وانه‌ی حەوشە یان هه‌واخۆریی بەندەکە كراوه و له‌وێدا به توندی كه‌وتۆته به‌ر په‌لامار و لێدانەوە».
به وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌یه، په‌لامار و لێدانهکە بۆتە هۆی شکانی ددانێک، لووتی و هەروەها پلاتینێكیش كه پێشتر لەبەر شكانی كاسه‌ی سمتیەوە لە لەشیدا دانرابوو.
ئه‌م دوو به‌رپرسه‌ی زیندان پێشتریش له جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣٩٧دا بەوە تۆمه‌تبار كرابوون كه به‌ندكراوێكی دیكه‌یان به ناوی “سالار موحهممهدعومەری” هێندە ئه‌شكه‌نجه دابوو کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو بەندکراوە.
ئه‌م سه‌رچاوه‌یە له درێژه‌دا وتی: «له چه‌ند ڕۆژی رابردوودا پێڕاگەیشتن و پشکنینی پزیشکی بۆ شاهین موسته‌فه‌وی دابین نەکراوە و تاكوو ئێستا له دوخێكی دژوار و لە قه‌ره‌نتینه‌ی به‌ندیخانه ڕاگیراوه».
ئه‌م لاوه به‌ندكراوه خه‌ڵكی سه‌قز و دانیشتووی بۆكانه و نزیكه‌ی دوو حه‌فته لەمەوپێش به تۆمه‌تی كڕین و فرۆشتنی خواردنه‌وه‌ی ئه‌لكولی ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه.