تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

ئه‌شکه‌نجه‌ بۆکان

مانگرتن و ڕاگرتنی زیندانییانی هەڵگری نیشانەکانی کۆرۆنا بە کەلەبچە و پێبەندەوە لە قەرەنتینەدا

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/torture-ku/2020/10/29/p9335

بەندکراوانی بەندی ٢ی زیندانی بۆکان بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست داخستنی فرۆشگای زیندان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ خواردنی زیندانیان وەرنەگرت و ڕایانگەیاند کە مانیان گرتووە. هەروەها بە فەرمانی بەرپرسانی زیندان ئەو زیندانییانەی گومانی تووشبوون بە کۆرۆنایان لەسەر بێت، دەگوێزرێنەوە بۆ هۆڵی وەرزش و بۆ یەک حەفتە بە کەلەبچە و پێبەند دەبەسترێنەوە بە قەرەوێڵەکانەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەم بابەتە لە بۆکان، بە تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: «لە چەند ڕۆژ لەمەوپێشەوە بەرپرسی فرۆشگای بەندی ٢ کە هیی بانکی پارسیانە، فرۆشگاکەی داخستووە و ئامادە نەبووە خواردەمەنی بفرۆشێتە زیندانییان، هەر بۆیە ئەمڕۆ سەرجەم بەندکراوانی ئەم بەندە کە ١٢٤ کەسن، ئامادە نەبوون خواردنەکەی زیندان وەربگرن».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بەندکراوان هەموو مەنجەڵەکانی خواردنی زیندانیان ڕادەست کردۆتەوە و ڕایانگەیاندووە کە مان دەگرن. ئەوان وتوویانە تا فرۆشگاکە نەکرێتەوە کۆتایی بە مانگرتنەکەیان ناهێنن.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت ئەو بەندکراوانەی گومان دەکرێ تووشی کۆرۆنا بووبن، لە دۆخێکدا ڕاگیراون کە بە تەواوی دوورە لە کەرامەتی مرۆڤ، ناوبراو لە درێژەدا وتی: «لەبەر ئەوەی ئەم زیندانە بەندی قەرەنتینەی نییە، بەرپرسانی زیندان دەستووریان داوە هۆڵی وەرزشەکە وەک قەرەنتینە بەکار بهێنرێت و تازەدەستگیرکراوان و زیندانییانی بەندە جیاوازەکان کە گومانی تووشبوون بە کۆرۆنایان لەسەر بێت، لە نێوان ٣ بۆ ٧ ڕۆژدا بە کەلەبچە و پێبەند دەبەسترێنەوە بە چەند قەرەوێڵەیەکی کۆنەی نێو هۆڵەکەوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سەرۆکی زیندانی بۆکان بە زیندانییەکانی ڕاگەیاندووە کە لەبەر ئەوەی زیندانەکە پێداویستیی پێویستی نییە، هەر بۆیە هەر زیندانییەک تووشی کۆرۆنا بێت دەگوێزرێتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.
نزیکەی ٢٥٠ زیندانی لە دوو بەندی جیاوازی زیندانی بۆکاندا ڕاگیراون. ڕێژەی بەرزی زیندانییان و کەوتنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەندکراوەکانی زۆر نیگەران کردووە و بە پێچەوانەی زیندانەکانی‌تر، دادوەری چاودێری زیندان لە چەند مانگ لەمەپێشەوە بارمتەی داواکراو بۆ هەناردنە مورەخەسیی بەندکراوانی چەندبەرابەر زیاتر کردووە و هەر ئەمەش بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی زیندانییەکان.

تاگەکان