ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە دوابەدوای ئەوەی زیندانییەک بە ناوی حوجەت کازمنژاد بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی ئاگری لە جەستەی خۆی بەر دا، کەوتە بەر لێدانی گاردی زیندانەوە، ئەمەش بووە هۆی تێکهەڵچوونێکی چەند کاتژمێری لە نێوان دەیان زیندانیی بەندی ١-٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێ و هێزەکانی گاردی زینداندا، ئێستا دەوترێت لانیکەم ١٣ کەس لەم بەندکراوانە دوای ئەشکەنجە و لێدانێکی قورس گواستراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاسایشی ورمێ.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کەوتوونەتە بەردەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە تێکهەڵچوون و لێدانەکەی ئێوارە چوارشەممە گاردی زینداندا، دەستی حوجەت کازمنژاد شکاوە و ناوبراو ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی ورمێ خەوێنراوە.
هێزەکانی گاردی زیندان بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللەی پلاستیکی هێرشیان کردبووە سەر زیندانییە ناڕازییەکان، بەکارهێنانی مادەی ئاگردەر لە لایەن ئەم هێزانەوە بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە نهۆمی عەرزیی بەندی ١-٢ و دواتر هێزەکانی ئاگرکوژاندنەوە ئەو ئاگرەیان کۆنترۆڵ کردبوو.
دوای ئارامبوونەوەی دۆخەکە، بە دەستووری بەرپرسی گشتیی زیندانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لانیکەم ١٣ زیندانیی ناڕازیی ئەم بەندە براونەتە بنکەی پاسەوانیی زیندان کران و بە باتۆم و دار ئەشکەنجە و لێدانێکی زۆر قورس کراون. دەوترێ تا ئێوارەی ئەمڕۆیش هێشتا ئاسەواری خوێنی ئەم زیندانییانە بەسەر ساڵۆنی سەرەکیی زیندانەکەوە دیار بووە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم زیندانییانە دوای لێدان و ئەشکەنجەدان، بەبێ ئەوەی پشکنینی پزیشکییان بۆ بکرێت گواستراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاسایشی ورمێ، زۆربەی ئەم زیندانییانە خەڵکی شارە جۆراوجۆرەکانی پارێزگای کرماشانن و تا ئێستا ناسنامەی شەش کەسیان ڕاگەیەنراوە کە بریتین لە پەیمان ئازادبەخت، مێهرداد تەیمووری، شەهاب تەیمووری، مێهراب سەیدڕەزایی، بەهمەن سەیدڕەزایی، سەیاد مورادی و ڕەزا بروکی.
لە نێو ئەمانەدا شەهاب و مێهرداد تەیمووری بە تۆمەتی دزی حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستیان بۆ دەرچووە.