ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەز بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی شیکارییانە ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ئێران دەبێ زۆر خێرا بەر بە پلانی چاوەڕوانکراوی بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی ئەو شەش پیاوە بگرن کە دوای دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانە و بەپێی کۆمەڵە دانپیانانێکی زۆرەملێ کە بە ئەشکەنجە لێیان وەرگیراوە، بە تۆمەتی دزیکردن سزایان بەسەردا سەپاوە.
ڕۆژی ٧ی سەرماوەز سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی هادی ڕوستەمی کە لەگەڵ دوو بەندکراوی دیکەدا بە ناوەکانی مەهدی شەرەفیان و مەهدی شاهیوەند بە تۆمەتی دزیکردن حوکمی بڕینەوەی پەنجەی بۆ دەرچووە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وتی مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمەکە لە ڕۆژانی داهاتوو لە ئارادایە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی سەرماوەز توورەج موختاری، دادوەری چاودێری زیندانی ورمێ ئەم زیندانییەی بانگهێشت کردووە و پێی ڕاگەیاندووە کە نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی دادگا و بەرپرسانی زیندان داوایان کردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو حوکمە ئامێری گیۆتین ڕەوانەی زیندان بکرێت.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتەکەیدا پەردەی لەسەر هەندێ ئاماری تۆقێنەر هەڵداوەتەوە کە لە لایەن گرووپێکی داکۆکیکەر لەسەر مافەکانی مرۆڤەوە، واتە ناوەندی عەبدوڕەحمان بروومەند، ڕادەستی ئەم ڕێکخراوەیە کراوە. بەپێی ئەم ئامارانە، لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەرپرسانی ئێران بە شێوەی نێونجی هەر دوو مانگ جارێک لانیکەم ئەندامی لەشی یەک کەسیان بڕیوەتەوە و هەموو حەفتەیش قامچییان لە لانیکەم دوو کەس داوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، کاربەدەستانی بەشی داواکاری گشتی و بەرپرسانی زیندانی ورمێ ئامادەکاری بۆ بردنی گیۆتین بۆ ناو زیندان دەکەن تاکوو پەنجەی دەستی شەش پیاو بە ناوەکانی هادی ڕوستەمی، مەهدی شەرەفیان، مەهدی شاهیوەند، کەسرا کەرەمی، شەهاب تەیمووری ئاینە و مێهرداد تەیمووری ببڕنەوە.
دیانا ئەلتەحاوی، جێگری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئافریقای ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، وتی: «بەرپرسانی ئێران جارێکی‌تر کەرەستەکانی ئەشکەنجەدانیان ئامادە دەکەن تاکوو لە ڕێی دابەزاندنی سزای جەستەییەوە کە سزایەکی تا دوایی بێ‌ڕەحمانەیە، بە ئەنقەست مرۆڤەکان نوقسان و پارچەپارچە بکەن و ڕووبەڕووی ئێش و ڕەنجی دەروونییان بکەنەوە. بڕینەوەی ئەندامەکانی جەستە ئەشکەنجەیەکە بە مۆرکی دادوەری و یاساییەوە کە لە یاسا جیهانییەکاندا وەک تاوانێکی گەورە لە قەڵەم دراوە. ئێمە داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەین زۆر خێرا ئەو حوکمانە هەڵبوەشێننەوە، هەروەها هەموو سزا جەستەییەکان لە یاسا دەربهاوێژن و بە شێوەیەکی کاریگەر قەرەبووی خەسار و زیانەکانی قوربانییان بکەنەوە».
بەپێی سزای پێشبینیکراو لە یاسای سزادانی ئیسلامیدا بۆ هەندێ تاوانی تایبەتی دزیکردن، ئەم شەش پیاوە مەحکووم کراون بە «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستیان لە کۆتایی دەستیانەوە، بە شێوەیەک کە تەنیا پەنجەی ئەسپێ‌کوژە و ناو لەپی دەستیان بمێنێتەوە».
سەرجەم دادگاییکردنەکان نادادپەروەرانە بووە؛ ئەوان لە قۆناغی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا نەیانتوانیوە لە مافی پارێزەر بەهرەمەند بن و دادگاکان بەپێی کۆمەڵە دانپیانانێکی زۆرەملێ کە بە ئەشکەنجە لێیان وەرگیراوە، حوکمیان بۆ دەرکردوون.
تەشەنەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست جێبەجێکردنی ئەم حوکمانە لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژ لەمەوپێش و لە ڕۆژی ٣ی سەرماوەزدا، بەرپرسانی بەشی داواکاری گشتیی تاران، ٧٤ قامچییان لە چالاکێکی مافی کرێکاران بە ناوی داوود ڕەفیعی داوە، ئەویش بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن» بە وەزیری کار.
دیانا ئەلتەحاوی وتی: «ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوا لە کۆمەڵگای جیهانی، لەوانە یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندامی و هەروەها دامەزراوەکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات زۆر خێرا دەست بەکار ببن و بەر بە بڕینەوەی پەنجەکانی ئەم ٦ کەسە لە لایەن بەرپرسە ئێرانییەکانەوە بگرن. پێویستە بەرپرسانی دادوەری، داواکاری گشتی و زیندان کە بەرپرسیاری دەرکردن و جێبەجێکردنی ئاوا ئەشکەنجەگەلێکن، لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا دادگایی بکرێن».
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ناوەندی عەبدوڕەحمان بروومەند، لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەرپرسانی ئێران ئەندامی لەشی لانیکەم ١٢٩ کەسیان بڕیوەتەوە و قامچییان لە لانیکەم ٢١٣٤ کەس و لەوانە ١٧ منداڵ داوە.