بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو پەناخوازی خەڵکی بەنگلادێش کە دەیانویست بە شێوەی “نایاسایی” سنووری ئێران و تورکیا تێپەڕێنن، لە نزیک گوندی “توور”ی شاری خۆی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێرانەوە و لە لایەن ئەم هێزانەوە بە توندی لێدان و ئەشکەنجە کراون.
کەسێکی خەڵکی ناوچەکە ویڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «شەوی ١ی ڕێبەندان گرووپێکی پەناخوازی نائێرانی لە حاڵێکدا کە دەیانویست سنووری ئێران تێپەڕێنن و بڕۆنە ناو خاکی تورکیاوە، لە نزیک گوندی تووری شاری خۆی کەوتنە بۆسەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێرانەوە، دوو کەسیان لە لایەن ئەم هێزانەوە دەستبەسەر کران و کەوتنە بەر لێدان و ئەشکەنجەی زۆر توندەوە و لە تاریکایی شەودا هەر لەوێ وێڵ کراون».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، کۆمەڵە خەڵکێکی ئەم ناوچە سنوورییە دەمەوبەیانی ڕۆژی دواتر ئەو دوو پەناخوازەیان دۆزییەوە و لە حاڵێکدا کە یەکیان چووبووە کۆماوە، گواستنیانەوە بۆ نەخۆشخانەی خۆی.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: «هێزەکانی پاسەوانی ئێران پێشتریش ئەم جۆرە هەڵسوکەوتەیان نواندووە، بە دەیان جار ڕووی داوە دەستیان بەسەر کەلوپەلی شەخسیی ئەو پەناخوازە ئێرانی و نائێرانییانەدا گرتووە کە ویستوویانە سنوور ببەزێنن، لێیان داون و هەر لەو حاڵەدا وێڵیان کردوون».
جیا لە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی ئێرانی کە بە مەبەستی پەناخوازی و پەنابەری ناچارن بە شێوەی “نایاسایی” لە سنوورەکانی ئێرانەوە تێپەڕن، ساڵانە ژمارەیەکیتر لە پەناخوازانی ئەفغانستان و وڵاتە ئاسیاییەکانیتر هەوڵ ئەدەن لە ڕێی ئێرانەوە خۆیان بگەیەننە تورکیا و لەوێوە بڕۆنە وڵاتێکی ئەورووپایی.