بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، زیندانییەک بە ناوی هادی ڕوستەمی کە بە تۆمەتی ‘دزی’ مەحکووم کراوە بە بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی، لە دوو مانگی ڕابردوودا و بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرانبەر بە ڕاگرتنی لە بەندی ئەمندا و مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمەکەی، دوو جار لە ڕێی خواردنی شیشەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە.
بە درێژایی ئەم ماوەیە و سەرەڕای پێویستیی خێرای هەناردنی ئەم زیندانییە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان، بەرپرسی بەشی پشکنین و سەرۆکی زیندان بەریان بەم کارە گرتووە و سەرەڕای دۆخی ناجێگیری تەندروستیی ناوبراو، کەچی هەر لە زینداندا ڕاگیراوە. ئەم زیندانییە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا و لەبەر بوونی وردەشیشە لە ناو کۆئەندامی گەدەیدا چەندین جار تووشی خون لەبەرچوونی ناولەش بووە.
هادی ڕوستەمی لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزدا بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە دوور خرایەوە بۆ زیندانی تەورێز، باڵام بەرپرسانی زیندانی تەورێز ئامادە نەبوون بۆ ماوەیەکی درێژ وەری بگرن و هەر بۆیە دوای ڕۆژێک گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.
هادی ڕوستەمی لە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەز و لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ عەلی ئەکبەر گەڕووسی، سەرۆکی دادگوستەریی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، وێڕای ئاماژەدان بە ئەشکەنجەدران لە کاتی دەستبەسەربوون لە ئیدارەی ئاگاهیدا و دەرچوونی حوکمی نادادپەروەرانە بۆ خۆی و هاودۆسیەکەی تری لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانانەی بە ئەشکەنجە وەرگیراون، داوای لێکۆڵینەوەی دووبارە و هەڵوەشاندنەوەی حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی کردبوو.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هەنووکە ٦ زیندانی بە ناوەکانی هادی ڕوستەمی ٣٣ ساڵان، مەهدی شەرەفیان ٣٧ ساڵان، مەهدی شاهیوەند ٤٢ ساڵان، شەهاب تەیمووری ٣٥ ساڵان، مێهرداد تەیمووری ٣٩ ساڵان و کەسرا کەرەمی ٤٠ ساڵان، بە تۆمەتی «دزی» مەحکووم کراون بە بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستیان.