کاتژمێر ٧ی بەیانیی ڕۆژی ڕابردوو ٢٠ی بەفرانبار، هێزەکانی گاردی زیندانی ورمێ بە دەستووری سەرۆکی زیندان و بەرپرسی نووسینگەی تایبەتی وەزارەتی ئیتلاعات لە ناو زینداندا، هەڵیان کوتاوەتە سەر بەندی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیی ئەم زیندانە و سەرجەم ٤٧ زیندانییەکەی ئەم بەندەیان گواستۆتەوە بۆ بەندێکی ئەمنیی تازە. زیندانییەکان نەتەنها کەوتوونەتە بەر لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی گاردی تایبەتەوە بەڵکوو کەلوپەلە شەخسییەکانیان شێوێنراوە
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەم هێرشکردنەدا ژمارەیەک لە زیندانییەکان کە ملیان بە گواستنەوەی خۆیان و زیندانییەکانی تر بۆ بەندە ئەمنییە تازەکە نەداوە و بەرگرییان کردووە، کەوتوونەتە بەر لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی گاردی تایبەتەوە و لە حاڵێکدا کە بە قورسی بریندار ببوون ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای ڕاگەیاندنی ناوی ٨ کەس لەم زیندانییانە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وتی: «فەرزاد سامانی، کەیهان موکەڕەم، کامران قاسمی، خالید فەرەیدوونی، نایب عەسکەری، کەیوان ڕەشۆزادە، حاتەم ئوزدەمیر، حاتەم قەرەئوغڵایی لەگەڵ ١٢ زیندانیی سیاسیی دیکەدا کە هێشتا ناونیشانیان دەر نەکەوتووە، دوای ئەوەی کەوتوونەتە بەر لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی گاردی تایبەتی زیندانەوە و هەندێکیان لە لای سەر، دەست و سینەوە بە قورسی بریندار ببوون، بە دەستووری سەرۆکی زیندانی لەباتیی گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، چەند هێزێکی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتیش لە کاتی ئەشکەنجە و لێدانی زیندانییەکاندا لەوێ بوون.
هەروەها هانیە قەرەئۆبڵاغی، خوشکی زیندانیی سیاسی حامید قەرەئۆبڵاغی کە ئەویش لە زیندانی ورمێدایە، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەردا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی لێداون و گواستنەوەی بەکۆمەڵی ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسی بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان، ڕایگەیاندووە کە براکەی ئەویش خراوەتە ژووری تاکەکەسییەوە.
پێشتر لە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەزی ئەمساڵدا و دوابەدوای ڕاگەیاندنی هەواڵی گواستنەوەی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی بۆ بەندێکی سەرووئەمنیی تازە، سەرجەم ٤٧ زیندانییەکەی ئەم بەندە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر ئەم بڕیارەدا مانگرتنی بەکۆمەڵیان ڕاگەیاندبوو. ئەوان سەرەتا بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ بەشەخواردنی دەوڵەتیی زیندانیان وەرنەگرت و پاشان بۆ ماوەی حەفتەیەک مانیان لە خواردن گرت. زیندانییانی مانگرتوو دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی زیندان و وەرگرتنی بەڵێن بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانیان و هەوڵدانی ناوبراو بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری گواستنەوەیان، کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنابوو.
بەڵام بە پێچەوانەی بەڵێنەکەی سەرۆکی زیندان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پرۆسەی گواستنەوەی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی بۆ بەندە ئەمنییە تازەکە کە بە بەراورد لەگەڵ بەندی پێشوودا ڕووبەرێکی بچووکتر و خزمەتگوزاری و ئیمکاناتی کەمتری هەیە، چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بە گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ ئەم بەندە، پێوەندیی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی بە بەندەکانی تری زیندانەوە دائەبڕدرێت. ئەم بەندە لە تەنیشت بەندی کرێکاری و لە شوێنی پێشووی حەمامی سەرەکیی زیندان و لە دوو نهۆمدا دروست کراوە و نهۆمێکی تەرخان کراوە بۆ زیندانییانی دادسەرای سەربازی و نهۆمی خوارەوەیشی بۆ زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی دیاری کراوە. هەروەها بە بەراورد لەگەڵ بەندی پێشوودا، سیستەمەکانی کۆنترۆڵ و پارازیتی ئەم بەندە توندوتۆڵتر و قورسترە.
ناونیشانی ٤٧ زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی ئەم بەندە بەم جۆرەیە: سیروان حسەینی ئەسڵ، سامان حسەینی ئەسڵ، مەحیەدین تازهوارد، داوود جەباری، سیروان ئەمینی، ئەمین دڵنشین، یاسر شەرافەدین، خالید فەرەیدوونی، ئەرسەلان خودکام، حسەین عوسمانی، مەحیەدین مەلائیبراهیمی، دارا ڕەشیدی، کەیوان ڕەشۆزاده، کامران قاسمی، کامیل سیدان مەسکەن، ئەنوەر چالشی، محەممەد سەعیدی، تۆفیق عەبدوڵڵاهی، محەممەد حسەینپوور، خەسرەو زەڕستان، سەید ئارام ئەمینولئیسلام، فەرشاد فەتاحی، حامید عەلیمحەممەد مەشکوه، موختار ئیبراهیمی، ڕەحمەت دەریابەنده، سیاوەش جەوان، موحسێن مەحاڵی، تاهیر حسەینزاده، بێهزاد تەڵایی، هێمن چاوشین، بێهرووز براخاس، هووشەنگ چەمەنبەر، هیدایەت سڵێمانزاده، نایب عەسکەری، عەلی محەممەدی موقەدەم، عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، حامید قەرەئاغڵانی، سەردار ئوزمەش، محەممەد بیرداڵ، ساکار عەینی، محەممەد هووشەنگی، فەرزاد سامانی، فیرووز مووسالوو، شاکر بێهرووزی دیزەج، کەیهان موکەڕەم، حاتەم ئوزدەمیر و مێهدی سانع فەرشی.