تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ٤ زیندانیی سیاسی و مەزهەبی بە ناوەکانی فەرشاد فەتاحی، سەردار ئوزمەش، کامران قاسمی و کەیوان ڕەشۆزادە کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانبارەوە و دوابەدوای هێرشکردنی هێزەکانی گاردی تایبەتی زیندانی ورمێ بۆ سەر بەندی زیندانییانی سیاسی کەوتبوونە بەر ئەشکەنجە و لێدانەوە، هێشتا بە کەلەبچە و پێبەندەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکاندان. هەروەها ٤ زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی دیکە بە ناوەکانی سیروان حسەینی ئەسڵ، سامان حسەینی ئەسڵ، داوود جەباری و نایب عەسکەری کە لە هەمان ڕێکەوتدا گوازرابوونەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، تا ئێستایش بەبێ مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە لە هەمان ئەو دەستبەسەرگەیە ڕاگیراون.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە ژمارەیەک لەم زیندانییانە بە هۆی لێدانەکەی گاردی تایبەتەوە لە لای دەست، پێ، سینە و سەرەوە بریندار بوون. کەیوان ڕەشۆزادە یەک لەو بریندارانەیە کە دوای شکانی سەر برابووە نەخۆشخانەی زیندان و دوای دوورینەوەی سەری ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.
لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباردا گاردی تایبەتی زیندان لەژێر چاودێریی موجتەبا محەممەدی، بەرپرسی گشتیی زیندانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و داریووش بەخشی، سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ و تیمێکی نووسینگەی ناوزیندانی وەزارەتی ئیتلاعات هێرشیان کردە سەر بەندی زیندانییانی سیاسی و وێڕای پەلاماردان و لێدانی قورسی زیندانییەکان و شێواندنی کەلوپەلەکانیان، ژمارەیەک لە زیندانییەکانیان ڕەوانەی بەندە ئەمنییە تازەکە و ژمارەیەکیشیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرد.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا زۆربەی زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەکان لە ژووری تاکەکەسییەوە ڕەوانەی بەندە ئەمنییە تازەکە کراون، بەڵام ٨ زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی دیکە هێشتا هەر لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندان و دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدان.
دەوترێت بە دەستووری بەرپرسی گشتیی زیندانەکانی پارێزگا و سەرۆکی زیندان، دەست گیراوە بەسەر هەرهەموو کەلوپەلە شەخسییەکانی زیندانییەکاندا و سەرەڕای ناڕەزایەتیی زیندانییەکان، ئەو کەلوپەلانە تا ئێستا ڕادەستیان نەکراوەتەوە.
پێشتر لە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەزی ئەمساڵدا و دوابەدوای ڕاگەیاندنی هەواڵی گواستنەوەی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی بۆ بەندێکی سەرووئەمنیی تازە، سەرجەم ٤٧ زیندانییەکەی ئەم بەندە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر ئەم بڕیارەدا مانگرتنی بەکۆمەڵیان ڕاگەیاندبوو. ئەوان سەرەتا بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ بەشەخواردنی دەوڵەتیی زیندانیان وەرنەگرت و پاشان بۆ ماوەی حەفتەیەک مانیان لە خواردن گرت. زیندانییانی مانگرتوو دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی زیندان و وەرگرتنی بەڵێن بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانیان و هەوڵدانی ناوبراو بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری گواستنەوەیان، کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنابوو.
بەڵام بە پێچەوانەی بەڵێنەکەی سەرۆکی زیندان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پرۆسەی گواستنەوەی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی بۆ بەندە ئەمنییە تازەکە کە بە بەراورد لەگەڵ بەندی پێشوودا ڕووبەرێکی بچووکتر و خزمەتگوزاری و ئیمکاناتی کەمتری هەیە، چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بە گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ ئەم بەندە، پێوەندیی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی بە بەندەکانی تری زیندانەوە دائەبڕدرێت. ئەم بەندە لە تەنیشت بەندی کرێکاری و لە شوێنی پێشووی حەمامی سەرەکیی زیندان و لە دوو نهۆمدا دروست کراوە و نهۆمێکی تەرخان کراوە بۆ زیندانییانی دادسەرای سەربازی و نهۆمی خوارەوەیشی بۆ زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی دیاری کراوە. هەروەها بە بەراورد لەگەڵ بەندی پێشوودا، سیستەمەکانی کۆنترۆڵ و پارازیتی ئەم بەندە توندوتۆڵتر و قورسترە.
ناونیشانی ٤٧ زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی ئەم بەندە بەم جۆرەیە: سیروان حسەینی ئەسڵ، سامان حسەینی ئەسڵ، مەحیەدین تازهوارد، داوود جەباری، سیروان ئەمینی، ئەمین دڵنشین، یاسر شەرافەدین، خالید فەرەیدوونی، ئەرسەلان خودکام، حسەین عوسمانی، مەحیەدین مەلائیبراهیمی، دارا ڕەشیدی، کەیوان ڕەشۆزاده، کامران قاسمی، کامیل سیدان مەسکەن، ئەنوەر چالشی، محەممەد سەعیدی، تۆفیق عەبدوڵڵاهی، محەممەد حسەینپوور، خەسرەو زەڕستان، سەید ئارام ئەمینولئیسلام، فەرشاد فەتاحی، حامید عەلیمحەممەد مەشکوه، موختار ئیبراهیمی، ڕەحمەت دەریابەنده، سیاوەش جەوان، موحسێن مەحاڵی، تاهیر حسەینزاده، بێهزاد تەڵایی، هێمن چاوشین، بێهرووز براخاس، هووشەنگ چەمەنبەر، هیدایەت سڵێمانزاده، نایب عەسکەری، عەلی محەممەدی موقەدەم، عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، حامید قەرەئاغڵانی، سەردار ئوزمەش، محەممەد بیرداڵ، ساکار عەینی، محەممەد هووشەنگی، فەرزاد سامانی، فیرووز مووسالوو، شاکر بێهرووزی دیزەج، کەیهان موکەڕەم، حاتەم ئوزدەمیر و مێهدی سانع فەرشی.