لە چەند مانگی ڕابردوودا دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شارەکانی سەڵماس و ورمێ بنەماڵەی هەندێ لە چالاکانی سیاسیی کوردی دانیشتووی ئەورووپایان بە تەلەفۆن بانگهێشت کردووە و لەسەر چالاکییە سیاسییەکانی منداڵەکانیان لە دەرەوەی وڵات هۆشدارییان پێ داون. لێپرسەوەکانی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە هەڕەشەی دەستبەسەرکردن و دۆسیەسازییان لە بنەماڵەکانی ئەم چالاکە سیاسییانە کردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لە درێژەی ئەم گوشارانەدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەحکووم ئیسماعیلی شەیدان، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «دێرک»ی سەڵماس، بە تەلەفۆن بانگهێشت کراوە بۆ سپای سەڵماس و لەسەر بەشداریکردنی منداڵەکەی، عیمران ئیسماعیلی شەیدان، لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی بەردەم سەفارەتخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە برۆکسێل خستوویانەتە ژێر لێپرسینەوە.
یەک لە لێپرسەوەکان کە بە ناوی محەممەدی باسی لێوە کراوە، لە کاتی لێپرسینەوەکاندا سووکایەتیی بەم هاووڵاتییە بەساڵاچووە کردووە و داویەتە بەر لێدان و ئەشکەنجە و وتوویەتی ئەگەر منداڵەکەت لە ئەورووپا درێژە بە چالاکییەکانی لە ئەورووپا بکات، دەستبەسەر و دۆسیەسازیت بۆ ئەکەن.