بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، چالاکوانی کورد محەممەد هووشەنگی، لە سێزدەهەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا هێشتا هەر لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێدایە و مۆڵەتی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەی پێ نەدراوە. ناوبراو لە ٤ی ڕەشەمەوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر دەستبەسەربوونی درێژماوە و دژایەتیکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەگەڵ ئازادبوونیدا سەرەڕای دانانی بارمتە، مانی لە خواردن گرتووە.

محەممەد هووشەنگی چوار ڕۆژ دوای دەستپێکردنی مانگرتنەکەی و لە ڕۆژی  ٧ی ڕەشەمەدا بە دەستووری بەرپرسانی زیندان و نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات لە زیندانی ورمێ، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا و لە ماوەی ئەم ١٠ ڕۆژەی دواییدا هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی تەندروستیی ناوبراو بەردەست نەکەوتووە.

لە ناوەڕاستی مانگی ڕێبەنداندا و دوای تێپەڕینی ١٤ مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، بنەماڵەی ئەم چالاکە کوردە کە دانیشتووی گوندێکی شاری جوانڕۆی پارێزگای کرماشانن، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە ئاگادار کرانەوە کە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی منداڵەکەیان گۆڕدراوە بۆ بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی.

دوای هاتوچۆکردنی بەردەوامی ئەم بنەماڵەیە لە جوانڕۆوە بۆ مەهاباد و جێبەجێکردنی کارە ئیدارییەکانی دانانی بارمتە و لە حاڵێکدا کە چاوەڕێی ئازادبوونی منداڵەکەیان بوون، ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمە دادگای شۆڕشی ئیسلامی پێی ڕاگەیاندوون کە لەبەر دژایەتیکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سپا و بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان ناوبراو ئازاد ناکرێت.

ئەم چالاکە دەستبەسەرکراوەیش بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر دەستبەسەربوونی درێژماوە و دژایەتیکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەگەڵ ئازادبوونیدا سەرەڕای دانانی بارمتە، مانی لە خواردن گرتووە.

محەممەد هووشەنگی لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو و لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی کورددا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ٧ی تیری ئەم دەزگا ئەمنییە لە ورمێ. ناوبراو دوای ٦ مانگ مانەوە لەم دەستبەسەرگەیەدا بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.