لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی بەندکراوێکی تۆمەتبار بە «دزی» بە ناوی مورتەزا جەلیلی، بە ئامێری گیۆتین لە نەخۆشخانەی زیندانی ئێڤینی تاران جێبەجێ کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەم بەندکراوە ماوەیەک لەمەوپێش لەگەڵ زیندانییەکی تری مەحکووم بە بڕینەوەی ئەندامی لەشدا بە ناوی یەعقووب فازڵ کۆشکی بۆ جێبەجێکردنی حوکم لە زیندانی تارانی گەورەوە ڕەوانەی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کرابوون».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خەرمانان (٥ی سێپتامبر) مورتەزا جەلیلی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی ئێڤینی تاران و حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی ناوبراو لە ڕێگای ئامێری گیۆتینەوە لە نەخۆشخانەکەی زینداندا جێبەجێ کراوە.»

مورتەزا جەلیلی ٢٨ ساڵان و خەڵکی ئیسلامشار، لە نزیکەی ٧ ساڵ لەمەوپێشەوە لە زیندانی تارانی گەورەدایە.

لەسەر چارەنووس و بارودۆخی یەعقووب فازڵ کۆشکی، ئەو زیندانییەکەی تری مەحکووم بە بڕینەوەی ئەندامی لەش کە لەگەڵ ئەم بەندکراوەدا گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

دەوترێت بە دەستووری بەرپرسانی دادگا و بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاونەبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەو بەندکراوە دوای جێبەجێکردنی حوکمەکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ئێڤینی تاران کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان مانگی ڕابردوو لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا هەواڵی جێبەجێکردنی حوکمی بڕینەوەی زیندانییەکی تری بە ناوی بێهرووز مورادی لە زیندانی ئێڤینی تاران بڵاو کردبۆوە.

ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕێکەوتی ٧ی گەلاوێژدا (٢٩ی جولای) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هەواڵی جێبەجێکردنی سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی دوو بەندکراوی تری لە زیندانی ئێڤین، بە ناوەکانی بەرات حسەینی خەڵکی کرماشان و پوویا تورابی، بە ئامێری گیۆتین لە زیندانی ئێڤینی تاران بڵاو کردبۆوە.

لە ٢٠ی جۆزەرداندا (١٠ی ژوەن) تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و ناوەندی عەبدوڕەحمان بروومەند بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسیان لە مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی ٨ بەندکراو کردبوو.

ئەم دو ناوەندە داکۆکیکارە لە مافەکانی مرۆڤ، ناسنامەی ٧ لەم زیندانییانەی بەم جۆرە ڕاگەیاندووە: هادی ڕوستەمی، مێهدی شاهیوەند، مێهدی شەرەفیان، ئەمیر شیرمەرد، مورتەزا جەلیلی، یەعقووب فازڵیی کۆشکی و ئیبراهیم ڕەفیعی.