لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ڕامین کەرەمی و ڕامین فاتیحی بە دەسڕێژ و ئەشکەنجەدران لە لایەن هێزە سەربازی-ئەمنییەکانەوە لە کرماشان و سنە گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٢٩ی ڕەزبەر (٢١ی ئۆکتۆبر) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سنە بنەماڵەی ڕامین فاتحی، لە دەستبەسەرکراوانی ئەم دواییانەیان بانگهێشت کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە ناوبراو لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا هەوڵی خۆکوشتنی داوە و گیانی لەدەست داوە.
چیاکۆ فاتیحی، برای ئەم هاووڵاتییە، وێڕای ڕەتکردنەوەی بانگەشەکەی ئیدارەی ئیتلاعات، ڕایگەیاند کە ئەو لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە و لە درێژەدا زیادی کرد: «شەوی ڕابردوو یەکێک لە خزمان بۆ ناسینەوەی تەرمەکە چووەتە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدی و پاشان بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە، تەرمەکە بە نهێنی لە بەهەشتی محەممەدی ئەسپەردە کراوە».
ڕامین فاتیحی و براکەی، وریا فاتیحی، لە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەزبەردا (١٣ی ئۆکتۆبر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کران، ڕاد فاتیحی، خوشکی ئەم هاووڵاتییەیش ڕۆژی دواتر دەستبەسەر کرا. تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی وریا و ڕاد بەردەست نەکەوتووە.
هەروەها سەرچاوەیەکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێی ڕاگەیاندین کە هاووڵاتییەک بە ناوی ڕامین کەرەمی، ٣١ ساڵان، خەڵکی سەرپێڵی زەهاو و دانیشتووی کرماشان، لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا کوژراوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ڕامین کەرەمی لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەردا (١٢ی ئۆکتۆبر) لە خۆپیشاندانەکانی کرماشاندا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بووە و دوای ٨ ڕۆژ هەواڵی گیانلەدەستدانی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەنراوە.
ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا وتی کە تەرمی ئەم هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەزبەردا (٢٠ی ئۆکتۆبر) بە ئامادەبوونی بەربڵاوی هێزە ئەمنییەکان لە گۆڕستانی کەل داوودی سەرپێڵی زەهاو ئەسپەردە کراوە. هەروەها دامودەزگا ئەمنییەکان بەڵێننامەیان بە بنەماڵەکەی واژۆ کردووە کە نابێ هەواڵی کوژرانی منداڵەکەیان بڵاو بکەنەوە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا لانیکەم ٣٩ کەس کە لانیکەم ٥ منداڵیشیان تێدایە، لە شارەکانی ورمێ، شنۆ، پیرانشار، دیواندەرە، سەقز، سنە، مەریوان، کرماشان، شاباد، ئیلام، بۆکان، قەزوین، وەرامین و کەرەج بە هۆی دەسڕێژ یان ئەشکەنجەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانەوە کوژراون.
هەر لەم ماوەیەدا زیاتر لە ٨٠٠ خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار بوون و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش دەستبەسەر کراون.