تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ٨ی گەڵاڕێزان (٣٠ی ئۆکتۆبر) زیندانیی سیاسیی کورد سەکینە پەروانە دوای گوازرانەوە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە بۆ زیندانی ئەم شارە، هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ١ی گەڵاڕێزان (٢٣ی ئۆکتۆبر) بە دەستووری بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی مەشهەد کرا و دوای چەند کاتژمێرێک لەگەڵ سێ بەندکراوی تردا بە ناوەکانی فاتمە فەیز، مونیرە نووری‌کیا و شەهلا (پاشناو نادیار) گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی مەشهەد. بەرپرسانی زیندان ئەم چوار بەندکراوەیان بە «هەوڵدان بۆ ئاژاوەنانەوە لە زینداندا» تۆمەتبار کردووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لەو دەستبەسەرگەیەدا بە شۆکەری کارەبا ئەشکەنجە دراوە و لێپرسەوە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لێ کردووە ئەگەر لە بەردەم کامێرادا دان بە تاوانباربوونی خۆیدا نەنێت خوشکە مێرمنداڵەکەی دەستبەسەر دەکەن.

سەکینە پەروانە لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی لێپرسەوە ئەمنییەکاندا ناچار بوو دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت. ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو دیسانەوە براوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی مەشهەد و لەوێ هەوڵی داوە لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، بەڵام کاربەدەستانی زیندان لە ژوورەکە بردوویانەتە دەرەوە و گواستوویانەتەوە بۆ نەخۆشخانەی زیندان.

ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو دوای چەند کاتژمێر مانەوە لەو نەخۆشخانەیە گەڕێنرایەوە بۆ بەندی گشتی. ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتر و لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵیشدا (سێپتامبری ٢٠٢٢) بۆ ماوەی ١٧ ڕۆژ ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.