بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانەوە تا ئێستا لانیکەم ٧ هاووڵاتی لە شارەکانی ورمێ، پیرانشار، سەقز، سنە و بیجاڕ بە هۆی دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکانەوە بە چەکی ساچمەزەن، تووشی برینی قەرەبوونەکراو لە چاویاندا بوون و بینایی چاوێک یان هەردوو چاوەیان لەدەست داوە.

ڕۆژی ٢٦ی خەرمانان (١٧ی سێپتامبر) لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا لە سەقز، لانیکەم دوو کوڕی لاو بە ناوەکانی محەممەدپارسا سێحەت و نێچیرڤان مەعرووفی بەر گوللەی ساچمە کەوتن و چاویان زەربری قەرەبوونەکراوی بەر کەوتووە.

محەممەدپارسا سێحەت، ٢١ ساڵان، لە خۆپیشاندانەکەی ڕۆژی ٢٦ی خەرماناندا(١٧ی سێپتامبر) لە نزیک سەرتاشخانەکەی خۆی گوللەی ساچمە بەر سەری کەوت و هەردوو چاوەکەی بریندار بوو. بەپێی ئەو بەڵگانەی لە دۆسیەی پزیشکیی محەممەدپارسا سێحەتەوە کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، چاوێکی تەنها تا مەودای دوو مەتری دەبینێت و ئەو چاوەکەی تری توانای بینینی نەماوە.

هاوکات لاوێکی ١٨ ساڵانی تری خەڵکی سەقزیش بەناوی نێچیرڤان مەعرووفی لە کاتی گەڕانەوە بۆ سەر خولی سەربازیی ئیجباری لە شەقامێکی سەقز کرایە ئامانجی گوللە و بینایی چاوی ڕاستی لەدەست دا.

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە شارەکانی ورمێ، پیرانشار، سنە و بیجاڕیش باس لە برینداربوونی چاوەکانی لانیکەم ٥ هاووڵاتی بەو گوللە ساچمەییانە دەکەن کە هێزە سەربازی-ئەمنییەکان لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارانەدا تەقاندوویانە.

یەک لە بریندارانی سنە هەر بەو گوللە ساچمەییانە هەردوو چاوەکەی لەدەست داوە و ٤ هاووڵاتیی دیکەیش لە چاوێکیانەوە زەبری قەرەبوونەکراویان بەر کەوتووە.

وێنەی دۆسیەی پزیشکیی محەممەدپارسا سێحەت