بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوکتور بێهرووز چەمەنئارا، سەرۆکی پێشووی توێژینگەی کوردستانناسی و مامۆستای بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردیی زانکۆی کوردستان، نیوەڕۆی یەکشەممە ١٣ی سەرماوەز (٤ی دێسامبر) دوای ١٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەم مامۆستایەی زانکۆی خەڵکی ئیلام لە ڕێکەوتی ٤ی سەرماوەزدا (٢٥ی نۆڤامبر) لە ڕێگای گەڕانەوەدا بۆ ماڵەوە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ڕفێنرا و لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نەبوو.
دایک و باوکی بەساڵاچووی دوکتور بێهرووز چەمەنئارا کە منداڵەکەی تریشیان، ساسان چەمەنئارا، دەستبەسەر کراوە، لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا لەگەڵ کۆمەڵێک لە خوێندکاران و مامۆستایاندا لە زانکۆی کوردستان مانیان گرتبوو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی هونەرمەندی کورد ساسان چەمەنئارا تا کۆتایی مانگی سەرماوەز (دێسامبر) تازە کراوەتەوە. ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەردا (٨ی ئۆکتۆبر) لە شەقامی ئەبووزەری تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین.
ئەم هونەرمەندەی خەڵکی ئیلام لە ساتی دەستبەسەرکراندا کەوتووەتە بەر باتۆمی هێزە ئەمنییەکان و بەستەری ئەژنۆی دڕاوە و تا ئێستایش ئاسەواری ئەشکەنجە لەسەر لەشی ماوەتەوە. ناوبراو دوای ئاگرکەوتنەوەکەی زیندانی ئێڤین ڕەوانەی زیندانی فەشافوویە کراوە.