بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، جەلیل عەزیزپوور، وەرزشکاری ناسراوی ئیلامی کە لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزدا (٢٩ی نۆڤامبر) ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان لێی دا و پاشان دەستبەسەر کرا، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ کەوتووەتە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانەوە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە سەرەڕای برینداربوون لە کاتی دەستبەسەرکردندا یەکسەر گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام و بۆ ماوەی حەفتەیەک بە مەبەستی ئەوەی ناچاری بکەن تۆمەتە هەڵبەستراوەکان قبووڵ بکات، لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دراوە.
ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئیلام کراوە و تا ئێستەیش مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاوی لێ زەوت کراوە. ناوبراو هەروەها لە مافی دیاریکردنی پارێزەر بێبەش کراوە و دادوەرانی دادگا ڕایانگەیاندووە کە لەبەر «ئەمنیبوون»ی دۆسیەکە داواکاریی پارێزەری پێشنیارکراوی بنەماڵەکەی بۆ بوونەپارێزەر لە دۆسیەکەدا ڕەت کراوەتەوە.
جەلیل عەزیزپوور لە ڕۆژانی ڕابردوودا براوەتە بەردەم لقی ١٠١ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیلام و لێپرسەوەی دۆسیەکە ڕایگەیاندووە کە ئیدارەی ئیتلاعات داوای کردووە تۆمەتی «موحارەبە»ی ڕووبەڕوو بکرێتەوە. ناوبراو لە دادگاکەدا وێڕای ڕەتکردنەوەی ئیدیعاکانی دامودەزگا ئەمنییەکان، وتوویەتی لە کاتی دەستبەسەربووندا ئەشکەنجە دراوە و ناچار کراوە ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.