تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

ئه‌شکه‌نجه‌ ئیلام

بێبەشکردنی جەلیل عەزیزپوور لە خزمەتگوزاریی پزیشکی لە زیندانی ئیلامدا

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/torture-ku/2023/01/05/p13228

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، جەلیل عەزیزپوور، وەرزشکاری ناسراوی ئیلامی کە لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزدا (٢٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان لێی دا و پاشان دەستبەسەر کرا، لە زیندانی ئیلامدا مافی خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاوی لێ زەوت کراوە.

ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکردندا قاچێکی و لە کاتی لێپرسینەوەکانیشدا دوو ددانی شکاوە، بەڵام بەرپرسانی زیندان ئامادە نیین بیگوێزنەوە بۆ ناوەندێکی پزیشکی لە دەرەوەی زیندان کە هۆکاری ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێگریکردنی دامودەزگا ئەمنییەکان.

ئەم هاووڵاتییە کوردە سەرەڕای برینداربوون لە کاتی دەستبەسەرکردندا یەکسەر گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام و بۆ ماوەی حەفتەیەک بە مەبەستی ئەوەی ناچاری بکەن تۆمەتە هەڵبەستراوەکان قبووڵ بکات، لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دراوە.

ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئیلام کراوە و تا ئێستەیش بەبێ ئەوەی چارەنووسی خۆی و دۆسیەیکەی دیاری بکرێت، بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە زیندان ڕاگیراوە.

ناوبراو کە لە ناوەڕاستی سەرماوەزدا (دێسامبری ٢٠٢٢) ڕەوانەی بەردەم دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیلام کرابوو، لە کۆبوونەوەی ڕاگەیاندنی تۆمەتەکانیدا وتوویەتی کە لە کاتی دەستبەسەربووندا بە قورسی لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجە دراوە و هەر بۆیە بە ناچار ددانی بە تاوانباربوونی خۆیدا ناوە و سیناریۆ هەڵبەستراوەکەی ئەوانی قبووڵ کردووە.