بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی جەواد ئایەتی، هێدی نازمی، پەیمان مەنسووری و فایەق حسەینپوور لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە گوازراونەتەوە بۆ زیندانی مەهاباد.

ئەم چوار هاووڵاتییە لە کاتی لێپرسینەوەدا لە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجە دراون.

دەوترێت ئەم چوار هاووڵاتییە هێشتا هەر بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە زیندانی مەهاباددان و دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەهاباد ئامادە نییە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییان بگۆڕێت بۆ بڕیاری دانانی بارمتە.

جەواد ئایەتی، هێدی نازمی، پەیمان مەنسووری و فایەق حسەینپوور لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەڵاڕێزاندا (٢٠ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کران.