بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕێبەندان (٣٠ی ژانڤییە) جەلیل عەزیزپوور، وەرزشکاری ناسراوی ئیلامی کە لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزدا (٢٩ی نۆڤامبر) ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان لێی دا و پاشان دەستبەسەر کرا، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئیلام ئازاد کراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی ٨ی ڕێبەندان (٢٨ی ژانڤییە) لەگەڵ چوار هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی دیکەدا بە ناوەکانی یەزدان ئینساف‌مەنش، خوێندکاری بەشی یاسای زانکۆی ئیلام، بابەک کەریمی، خەڵکی ئەیوان، سامان مورادیوەندان، خەڵکی ئاودانان و ئارمین کاکایی، خەڵکی دێلوڕان، وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست مانەوەیان لە دۆخی دەستبەسەربووندا مانیان لە خواردن گرتبوو.

دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکە، بەرپرسانی دەستبەسەرگە هەڕەشەی دۆسیەسازیی نوێیان بە تۆمەتی مانگرتنی بەکۆمەڵ لێ کردبوون و هەواخۆری (چوونەحەوشە)، دیداری بنەماڵە و شتکڕین لە فرۆشگەی زیندانیشیان لێ قەدەغە کردبوون. دەوترێت ئەم زیندانییانە ڕۆژی یەکشەممە بە شێوەی کاتی کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێناوە.

جەلیل عەزیزپوور لە کاتی دەستبەسەرکردندا قاچێکی و لە کاتی لێپرسینەوەکانیشدا دوو ددانی شکاوە، بەڵام بەرپرسانی زیندان ئامادە نەبوون بیگوێزنەوە بۆ ناوەندێکی پزیشکی لە دەرەوەی زیندان کە هۆکاری ئەمەیش دەگەڕایەوە بۆ ڕێگریکردنی دامودەزگا ئەمنییەکان.

ئەم هاووڵاتییە کوردە سەرەڕای برینداربوون لە کاتی دەستبەسەرکردندا یەکسەر گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام و بەو مەبەستەی ناچاری بکەن تۆمەتە هەڵبەستراوەکان قبووڵ بکات، بۆ ماوەی حەفتەیەک لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی درابوو.

ناوبراو کە لە ناوەڕاستی سەرماوەزدا (دێسامبری ٢٠٢٢) ڕەوانەی بەردەم دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیلام کرابوو، لە کۆبوونەوەی ڕاگەیاندنی تۆمەتەکانیدا وتوویەتی کە لە کاتی دەستبەسەربووندا بە قورسی لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجە دراوە و هەر بۆیە بە ناچار ددانی بە تاوانباربوونی خۆیدا ناوە و سیناریۆ هەڵبەستراوەکەی ئەوانی قبووڵ کردووە.