بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، مێهدی سادقی، هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام و لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارە، لە لایەن لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەریی ٢ی ئیلامەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی» سزای ٦ مانگ بەندکران و ٧٤ قامچی و وەک سزای تەواوکەریش، ٢ ساڵ قەدەعەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێرانی بەسەردا سەپاوە.
هەروەها دۆسیەیەکی تریش لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامدا بە تۆمەتی وەک «سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان»، «تێکدانی ڕای گشتی» و «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» بۆ ئەم هاووڵاتییە کراوەتەوە.
مێهدی سادقی لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر (١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئیلامدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ناوبراو دوای ٥ ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدران لەو دەستبەسەرگەیەدا ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئیلام کرا و لە ڕێکەوتی ٢ی سەرماوەزدا (٢٣ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.