مامۆستا سەیفوڵڵا حسەینی، بەرنوێژی مزگەوتی خاتەمولئەنبیای شاری جوانڕۆ و ئەندامی شۆرای ڕێبەریی مەکتەب قورئانی کوردستان کە شەوی ٢٢ی سەرماوەز (١٣ی دێسامبری ٢٠٢٢) دوای هێرشکردنی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ سەر ماڵەکەی لە جوانڕۆ دەستبەسەر کرا، تا ئێستایش لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی هەمەداندایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی ئەم مامۆستا کوردە سوننەیە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «شەوی ٢٢ی سەرماوەز (١٣ی دێسامبری ٢٠٢٢) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی مامۆستا سەیفوڵڵا حسەینی و وێڕای شکاندنی دەرگای ماڵەکە و شووشەی پەنجەرەکان، مامۆستایان دەستبەسەر کرد. هەروەها خاتوون قادریی هاوسەری مامۆستایش لە کاتتی دەستبەسەرکردنی هاوسەرەکەیدا کەوتە بەر پەلامار و لێدانی هێزە ئەمنییەکان و دەستی بریندار بوو».

ئەم مامۆستا ئایینییە ناسراوە کوردە سەرەڕای ئەوەی گیرۆدەی نەخۆشیی دڵە، لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران ئەم مامۆستا ئایینییەیان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە کرماشان کرد و دوای نزیکەی دوو حەفتە لێپرسینەوە گواستیانەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی هەمەدان.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد، مامۆستا سەیفوڵڵا حسەینی لەسەر فەرمانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی هەمەدان و بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە ژوورێکی سارددا و بەبێ هەرچەشنە هۆکارێکی گەرمکەرەوە ڕاگیرابوو. دوای ناڕەزایی دەربڕینی بەردەوامی مامۆستا و بنەماڵەکەی، دواجار لە حەفتەکانی ڕابردوودا براوەتە ژوورێکی تر، بەڵام بەرپرسانی زیندان ئامادە نین بیگوازنەوە بۆ بەندی گشتیی زیندان.

مامۆستا سەیفوڵڵا حسەینی لە سەرەتای مانگی ڕێبەندان (ژانڤییە) و لە حاڵێکدا کە لە مافی دیاریکردنی پارێزەر بێبەش کرابوو، لە لایەن دادگای تایبەتی مەلا ئایینییەکانی هەمەدانەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە جووڵانەوەی ئایینیی مەکتەب قورئانی کوردستاندا، «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، «تێکدانی ئارامیی گشتی»، «هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات» و «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەر و ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» بە گشتی سزای ١٧ ساڵ بەندکران، ٧٤ قامچی، داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتی و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ ئەردەبیلی بەسەردا سەپا.

مامۆستا سەیفوڵڵا حسەینی تا ئێستا ٧ جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و زیندانی کراوە.