سیروان محەممەدی و مورتەزا محەممەدی، دوو برای خەڵکی سنە کە بە ڕیز لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕێبەندان و ١ی ڕەشەمەدا (٥ و ٢٠ی فێبرییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەدا دەستبەسەرن، ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراون.
مورتەزا محەممەدی وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دەستبەسەرکردنی خۆیدا لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا مانی لە خواردن گرتووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە ٦ی ڕەشەمە (٢٥ی فێبرییە) مورتەزا محەممەدی لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەیی وتووە کە هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدایە و هاوکات ڕایگەیاندووە کە وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دەستبەسەرکردنی نایاسایی خۆیدا، لە یەکەم ساتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا مانی لە خواردن گرتووە.
سیروان محەممەدییش لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەشەمە (٢٢ی فێبرییە) و لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا ڕایگەیاندووە کە لە دۆخی دەستبەسەریدا ماوەتەوە و خراوەتە ژێر گوشارەوە تاکوو بە زۆر بەرپرسایەتیی شکاندنی کامێرا چاودێرییەکانی مەیدانی زەفەرییەی سنە بگرێتە ئەستۆ.
سیروان محەممەدی پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزاندا (١٦ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە گەڕەکی «حاجیئاوا»ی سنە دەستبەسەر کرابوو و گوازرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی شەهرامفەری سپای پاسداران. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەربووندا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابوویە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و ڕۆحییەوە و لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزدا (٨ی دێسامبری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە جارێکی تر لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕێبەندان (٥ی فێبرییە) و لە هێرشی هێزە ئەمنییەکاندا بۆ سەر ماڵەکەیان دەستبەسەر کرایەوە. لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییەدا برایەکی بە ناوی ئیبراهیم محەممەدی کەوتبووە بەر پەلامار و لێدانی هێزە ئەمنییەکانەوە و بریندار ببوو.