کەیوان ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کە لە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزدا (٢٤ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) دوای چوونە ناو خاکی تورکیا لە لایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر و ڕادەستی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کرابووەوە،  لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیدا لە ورمێ خرابووە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و ڕۆحییەوە. ناوبراو لە کۆتایی ڕێبەنداندا (ناوەڕاستی فێبرییە) بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی بۆکان ئازاد کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کەیوان ئەحمەدی لە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزدا (٢٤ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) بە مەبەستی کۆچکردن بۆ ئەورووپا ڕۆیشتبووە ناو خاکی تورکیاوە و لە نزیک شاری وان لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای چەند کاتژمێر لێدان و ئەشکەنجەدانی قورس لە بنکەیەکی سەرسنووردا ڕادەستی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کرابۆوە.

ئەم هاووڵاتییە پاشان برابووە دەستبەسەرگەی یەکەی سنووریی خۆی و لەوێیشدا هێزە چەکدارەکانی ئێران بە قورسی ئەشکەنجەیان دابوو. ئینجا دوای ڕۆژێک مانەوە لە دەستبەسەرگەی یەکەی سنووریدا ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی خۆی کرابوو. ئەم هاووڵاتییە دوای ٢ ڕۆژ لێپرسینەوە لەو دەستبەسەرگەیەدا ڕەوانەی زیندانی خۆی کرابوو و دوای چەند کاتژمێر گوازرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە ورمێ.

کەیوان ئەحمەدی دوای گوازرانەوە بۆ ئەم دەستبەسەرگە ئەمنییە، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە زۆر بە قورسی ئەشکەنجەی ڕۆحی و جەستەیی درابوو. ناوبراو کە بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا ئەشکەنجە درابوو، بە هۆی لێدان بە باتۆم سەری شکابوو و لەسەر خۆی چووبوو، هەر بۆیە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی ورمێ کرابوو، بەڵام بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان گوازرابوویەوە بۆ زیندانی خۆی.

ئەم هاووڵاتییە دوای مانگێک مانەوە لە زیندانی خۆی، گوازرایەوە بۆ زیندانی بۆکان و لە کۆتایی ڕێبەنداندا (ناوەڕاستی فێبرییە) بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا. ناوبراو بە درێژایی ئەم ماوەیە لە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوو.

دۆسیەی ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی «بەزاندنی سنووری نایاسایی یان قەدەغەکراو» لە لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی خۆی و بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامی و هێمنایەتیی گشتی» لە لقی یەکەمی دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکان لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە.