داوای لێخۆشبوونی هونەرمەندی کورد سامان یاسین، لە لایەن کۆمیسیۆنی لێخۆشبوون و بەخشینی دەزگای دادوەرییەوە ڕەت کراوەتەوە. ئەم داواکارییە لە لایەن پارێزەری سامان یاسینەوە و دوای ڕاگەیاندنی گەڵاڵەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ «لێخۆشبوون و کەمکردنەوەی سزا»ی هەندێ لە تۆمەتباران و سزادراوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی چەند مانگی پێشووی ئێران، پێشکەش کرابوو.
حەسەن سەرتیپی، پارێزەری دانراوی سامان یاسین، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە لە لاپەڕەکەی خۆی لە ئینستاگرامدا، نووسیویەتی: «کاتی دادگا بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە لە دۆسیەی پارێزوانەکەم سامان یاسین لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە ڕاگەیەنرا. سامان بە شایانی بەهرەمەندبوون لە ڕێساکانی لێخۆشبوون لە قەڵەم نەدراوە».
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هونەرمەندە کوردە گوڵانی ساڵی داهاتوو (مەیی ٢٠٢٣) لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی دادگایی دەکرێتەوە.
سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، گۆرانیبێژی ڕەپی خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەوپەڕی توندوتیژیدا دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای دەستبەسەرکران سەرەتا برایە دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین و پاشان ڕەوانەی زیندانەکانی فەشافوویە و ئێڤین کرا. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە چەندین جار لە نێوان زیندانەکانی ئێڤینی تاران و ڕەجایی شاری کەرەجدا هاتوچۆی پێ کراوە. لە دواهەم جاردا ڕۆژی ٨ی ڕەشەمە (٢٧ی فێبرییەی ٢٠٢٣) دوای مانگێک مانەوە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.
هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران لە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزاندا (٢٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) هەواڵی بەڕێوەچوونی دادگای چەند خۆپیشاندەرێکی دەستبەسەرکراویان بڵاو کردەوە کە ناوی سامان یاسین (سەیدی)یشی تێدا بوو. هەر لەم ڕۆژەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دانپیانانە زۆرەملێیەکانی ئەم گۆرانیبێژە لە ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا بڵاو کرایەوە و وترا کە تۆمەتی «موحارەبە» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.
حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد دەر کرا و لە زیندانی ئێڤیندا پێی ڕاگەیەنرا. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوون و لە خودی دادگاکەیشدا مافی دیاریکردنی پارێزەری لێ زەوت کراوە و ئەو پارێزەرەیش کە هەنووکە لە لایەن بنەماڵەکەیەوە دیاری کراوە، بە بیانووی ئەمنیبوونی دۆسیەکە، تا ئێستا مۆڵەتی خوێندنەوەی دۆسیە و دەسپێکردنی ئەرکی پارێزەریی پێ نەدراوە.
لە سەرەتای بەفرانباری ئەمساڵدا (کۆتاییەکانی دێسامبری ٢٠٢٢) دیوانی باڵای ئێران دوای لێکۆڵینەوە لە داواکاریی تێهەڵچوونەوەی ئەم زیندانییە سیاسییەی مەحکووم بە ئێعدام، بە هۆی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانەوە حوکمەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە هەناردوویەتەوە بۆ بەردەم دادگای یەکەم کە حوکمەکەی دەرکردووە. لە بەرگەی تۆمارکردنی بارودۆخی ئەم زیندانییە سیاسییەدا کە لە زیندان پێی ڕاگەیەنراوە، تۆمەتی «پیلانگێری بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی وڵات» و «تێکدانی ئارامی و هێمنایەتیی گشتی» وەک تۆمەتەکانی ئەو ڕاگەیەنراوە.
سامان یاسین پاش دەستبەسەربوون چەندها جار بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دراوە. بەندکران لە ژووری تاکەکەسیدا، بەندکران لە ژوورێکدا کە بە ساردخانە ناسراوە، لێدان و ئەشکەنجەدانی قورس و هەڵدانە خوارەوە لە پلەکانەکانی بەندی ٢٤١ـەوە لەو ئەشکەنجانەن کە لەم ماوەیەدا لەسەر ئەم هونەرمەندە کوردە جێبەجێ کراوە. دەوترێت ناوبراو لە ئەنجامی ئەم ئەشکەنجانەدا ناچار بووە لە بەردەم کامێرادا دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.
ناوبراو هەروەها تا ئێستا چەندین جار وەک ناڕەزایی لە ئاست دۆخی قورسی مانەوەی لە زینداندا و نادیارمانەوەی دۆسیەکەی مانی لە خواردن گرتووە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزدا (٢٠ی دێسامبری ٢٠٢٢) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر دۆخی قورسی راگیران لە هۆڵی ٣١ی بەندی ١٠ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجدا لە ڕێگای هەڵدانی ژمارەیەکی زۆری حەبەوە هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی زیندان و باشبوونەوەی ڕێژەیی تەندروستی ڕەوانەی بەندی سیاسیی ئەم زیندانە کرا.