بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خاکەلێوە (٢٦ی مارس) خالید مەحموودی، هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ کە لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، بەپێی گەڵاڵەی لێخۆشبوونی دەزگای دادوەری دوای چوار مانگ دەستبەسەربوون لە زیندانی کرماشان ئازاد کراوە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە ١٩ ساڵەیە لە ڕێکەوتی ١ی سەرماوەز (٢٢ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری جوانڕۆدا و دوابەدوای هێرشکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی هاوڕێیەکی دەستبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەکان هاوکات ١٨ لاوی دیکەیشیان لە شارەکانی ڕوانسەر و جوانڕۆ دەستبەسەر کردبوو کە هەندێکیان لە هاوڕێیانی خالید بوون. دوای چەند حەفتە هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوەکانی تر بە دانانی بارمتە یان بە کەفالەت بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون، بەڵام خالید مەحموودی لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودا لە زیندانی ناوەندیی کرماشان مابوویەوە.
پێشتر و لە ناوەڕاستی ڕێبەنداندا (دێسامبر) سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی خالید مەحموودی سەبارەت بە دوایین دۆخی ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتبوو: «خالید دوای دەستبەسەرکران لە جوانڕۆ یەکسەر گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە کرماشان و بۆ ماوەی ٣٧ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی ئەم دەستبەسەرگەیەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراوەتە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی جەستەییەوە. لێپرسەوە ئەمنییەکان ناچاریان کردووە پێشەنگایەتیی بەشێک لە خۆپیشاندانەکانی جوانڕۆ و بەشداریکردن لە ئاگرتێبەردانی ماڵی بەسیجییەک لەم شارەدا بگرێتە ئەستۆ. ئەڵبەت خالید مەحموودی لە کۆبوونەوەی کورتی دادگاییکردنیدا کە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە چووە، بە دادوەری ڕاگەیاندووە کە تۆمەتە هەڵبەستراوەکانی ناو دۆسیەکە بەپێی ئەو دانپیانانە دراوەتە پاڵی کە لەژێر گوشار و ئەشکەنجە و هەڕەشەدا لێی وەرگیراوە».