بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دارا ڕەشیدی، زیندانیی سیاسیی کورد، ڕۆژی سێشەممە ٨ی خاکەلێوە (٢٨ی مارس) بە دەستووری بەرپرسانی زیندان و وەک سزادان، لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە. ئەم زیندانییە سیاسییە وەک پەرچەکردارێک لە بەرانبەر ئەم سزادانەدا لە هەمان ئەو ڕۆژەوە مانی لە خواردن گرتووە.

دارا ڕەشیدی لە کاتی گواستنەوە بۆ ژووری تاکەکەسییەوە مۆڵەتی پێوەندی و دیداری بنەماڵەی پێ نەدراوە.

دەوترێت لە چەند مانگی ڕابردوودا جەلال ڕەحیمپوور، بەرپرسی پاسەوانیی بەندی زیندانییانی سیاسی، ئازەرنیا، بەرپرسی بەشی پاراستنی زیندان و بەخشی، سەرۆکی زیندان، چەندین جار سەردانی بەندەکەیان کردووە و بە تۆمەتبارکردنی زیندانییەکان بە هەندێ دەستەواژەی وەک «تیرۆریست» سووکایەتییان بە زیندانییانی سیاسی کردووە و هەڕەشەیان لێ کردوون کە لە زینداندا دۆسیەی تازەیان بۆ دەکەنەوە.

دوابەدوای ئەوەی لە حەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە زیندانییە سیاسییەکان لە ئاست سووکایەتییەکانی جەلال رەحیمپووردا ناڕەزاییان دەربڕیبوو، ئەم بەرپرسە هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی سزادانی لێ کردبوون. گواستنەوەی دارا ڕەشیدییش هەنگاوێکە بە ئاڕاستەی بەردەوامکردنی زەخت و گوشاری سەر زیندانییە سیاسییەکانی ئەم بەندەدا.

دارا ڕەشیدی، خەڵکی سەردەشت، ڕۆژی ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٨ (٩ی دێسامبری ٢٠١٩) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە ورمێ. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٧ی ڕێبەنداندا (٢٧ی ژانڤییە) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. دارا ڕەشیدی داواکاریی قبووڵکردنی حوکمەکەی پێشکەش کرد و هەر بۆیە بەپێی یاسا ئەم حوکمە گۆڕدرا بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران.