دارا ڕەشیدی کۆتایی بە مانگرتنەکەی لە زیندانی ورمێ هێنا
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/torture-ku/2023/04/09/p23469
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دارا ڕەشیدی، زیندانیی سیاسیی کورد کە وەک پەرچەکردارێک لە بەرانبەر گواستنەوە لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێوە بۆ ژووری تاکەکەسی لە ڕۆژی سێشەممە ٨ی خاکەلێوە (٢٨ی مارس)ـەوە مانی لە خواردن گرتبوو، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خاکەلێوە (٥ی ئاوریل) کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە. ئەم زیندانییە دوای کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەی ڕەوانەی بەندی ١٥ کراوە و تا ئێستا بەرپرسانی زیندان ڕێگرییان لە گەڕانەوەی بۆ بەندی زیندانییانی سیاسی کردووە.
دارا ڕەشیدی ڕۆژی سێشەممە ٨ی خاکەلێوە (٢٨ی مارس) بە مەبەستی سزادان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو و بە درێژایی ئەو ماوەیە بەرپرسانی زیندان لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەشیان کردبوو.
دەوترێت لە چەند مانگی ڕابردوودا جەلال ڕەحیمپوور، بەرپرسی پاسەوانیی بەندی زیندانییانی سیاسی، ئازەرنیا، بەرپرسی بەشی پاراستنی زیندان و بەخشی، سەرۆکی زیندان، چەندین جار سەردانی بەندەکەیان کردووە و بە تۆمەتبارکردنی زیندانییەکان بە هەندێ دەستەواژەی وەک «تیرۆریست» سووکایەتییان بە زیندانییانی سیاسی کردووە و هەڕەشەیان لێ کردوون کە لە زینداندا دۆسیەی تازەیان بۆ دەکەنەوە.
دوابەدوای ئەوەی لە حەفتەکانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە زیندانییە سیاسییەکان لە ئاست سووکایەتییەکانی جەلال رەحیمپووردا ناڕەزاییان دەربڕیبوو، ئەم بەرپرسە هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی سزادانی لێ کردبوون. گواستنەوەی دارا ڕەشیدییش هەنگاوێک بوو بە ئاڕاستەی بەردەوامکردنی زەخت و گوشاری سەر زیندانییە سیاسییەکانی ئەم بەندەدا.
دارا ڕەشیدی، خەڵکی سەردەشت، ڕۆژی ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٨ (٩ی دێسامبری ٢٠١٩) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە ورمێ. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٧ی ڕێبەنداندا (٢٧ی ژانڤییە) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. دارا ڕەشیدی داواکاریی قبووڵکردنی حوکمەکەی پێشکەش کرد و هەر بۆیە بەپێی یاسا ئەم حوکمە گۆڕدرا بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران.
بابەتی پەیوەندیدار
-
دارا ڕەشیدی، زیندانیی سیاسیی کورد، لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ مانی لە خواردن گرت
-
زیندانیی سیاسیی کورد سەردار ئوزمەش لە زیندانی ورمێ مانی لە خواردن گرت
-
لە ورمێ سێ بەندکراو دوای ڕاگەیاندنی مانگرتن لە خواردن ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کران
-
فەخرەدین ئیبراهیمی، کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراوی کورد، دەستبەسەر کرا
-
بیست مانگ بەسەر بزرکردنی زۆرەملێی ئیدریس فەقیهیدا تێپەڕی
-
سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پێنج هاووڵاتیی خەڵکی ورمێدا بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە هاوکاریکردنی هەواڵگری و سیخوڕیدا لە بەرژەوەندیی ئیسراییل»