ڕەفیق سەلیمی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە کە لە ڕێکەوتی ٧ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٨ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا، بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض»ـەوە و بەبێ ئەوەی مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەی پێ بدرێت، لە قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی سنەدایە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سزانامەی ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» دەر کراوە و بۆ لێکۆڵینەوە نێردراوەتە بەردەم لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە.

دەوترێت دادوەر تەقیزادە، جێگری داواکاری گشتی و سەرۆکی لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە، بە بیانووی «ئەمنی و نهێنیبوونی دۆسیەکە» ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوەی لە مافی دیاریکردنی پارێزەر بێبەش کردووە.

ڕەفیق سەلیمی و کوڕەکەی فواد سەلیمی لە ڕێکەوتی ٧ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٨ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. فواد سەلیمی دوای ٤٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ڕەفیق سەلیمی لە کاتی لێپرسینەوەکاندا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحییەوە و لە ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباردا (١٨ی ژانڤییە) و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە ڕەوانەی بەندی قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا و تا ئێستا بەبێ ئەوەی چارەنووسی دیاری بکرێت لەو بەندەدا ڕاگیراوە.

ناوبراو کە بە هۆی ئەشکەنجەدرانەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا گوێچکەی بریندار بووە و تووشی کێشەی بیستن بووە، تا ئێستا لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی بێبەش کراوە.