کۆبوونەوەی دادگای تەوحید دەروێش، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تەورێز لە ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا (سێپتامبری ٢٠٢٢) دەستبەسەر کرا و تۆمەتی «موحارەبە»ی ڕووبەڕوو کرایەوە، ڕۆژی ٢٤ی گوڵان (١٤ی مەی) لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تەورێز بەڕێوە دەچێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە لە بەفرانباری پارساڵدا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆرشی ئیسلامیی تەورێزەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای ١٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ئەهواز و ٥ میلیارد تمەن غەرامە بۆ بانکی بەسەردا سەپابوو. لە ناوەڕاستی ڕەشەمەدا (مارس) لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران دوای لێکۆڵینەوە لە داواکاریی تێهەڵچوونەوەی پارێزەرانی ئەم زیندانییە سیاسییە، تۆمەتی «موحارەبە»ی لەسەر لابرد و دوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکە دۆسیەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕەوانەی بەردەم لقی هاوتەریبی دادگا کرد.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەم زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەنراوە کە ڕۆژی ٢٤ی گوڵان (١٤ی مەی) لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تەورێز سەرلەنوێ دادگایی دەکرێتەوە.

تەوحید (لوقمان) دەروێش لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەری ١٤٠١دا (٢٩ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تەورێز دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لەم شارەدا. ناوبراو لەم دەستبەسەرگەیەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەمەڕ «بەشداریکردن لە ئاگردانی بانکی سێپەهدا» خرایە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحییەوە و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی تەورێز کرا.

تەوحید دەروێش تەمەنی ٢٧ ساڵ و شۆفێری ئێسنەپ بووە. ناوبراو خەڵکی گوندی «گرناویک»ی شاری خۆی و باوکی دوو منداڵە، بنەماڵەی دەروێش لە بوومەلەرزەکەی ڕەشەمەی ١٣٩٨دا (فێبرییەی ٢٠٢٠) ماڵەکەیان ڕووخاوە و هەر بۆیە ناچار بوون گوندەکەیان بەجێ بێڵن و لە شاری خۆی نیشتەجێ بن.