ڕۆژی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لە گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سنە و وێڕای پەلاماردان و لێدانی ئەندامانی بنەماڵەکەی، ٨ چالاکی کرێکاریشیان بە ناوەکانی هاجەر سەعیدی، حەیبەڵلا کەریمی، شادمان عەبدی، کەمال کەریمی، عەبدوڵڵا خێرئابادی، ئێقباڵ پێشکاری، خەبات مەحموودی و سیروان مەحموودی دەستبەسەر کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٧ی گوڵان (١٧ی مەی) ژمارەیەک لە چالاکانی کرێکاری بە مەبەستی دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵەی دادخوازی هوومەن عەبدوڵڵاهیدا سەردانی ئەم بنەماڵەیان کردبوو، بەڵام دوای چەند خولەکێک بە دەیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵەکەیان.
دەوترێت هێزە ئەمنییەکان وێڕای بێڕێزیکردن بەم بنەماڵەیە و میوانەکانیان، بە توندوتیژییەوە پەلاماری فەرشید عەبدوڵڵاهیی باوکی هوومەنیان داوە. ئەم هێزانە هەروەها ٨ چالاکی کرێکاریی میوانی ئەم ماڵەیشیان بە ناوەکانی هاجەر سەعیدی، حەیبەڵلا کەریمی، شادمان عەبدی، کەمال کەریمی، عەبدوڵڵا خێرئابادی، ئێقباڵ پێشکاری، خەبات مەحموودی و سیروان مەحموودی دەستبەسەر کردووە و گواستوونیانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.
هوومەن عەبدوڵڵاهی، ٢١ ساڵان، لە ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ (٧ی دێسامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڕەکی حەسەنئاوای سنەدا بە دەسرێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار بوو و دوای گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.