بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نایب حاجیزادە، زیندانیی سیاسیی کورد، لە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی جۆزەردانەوە (٦ی ژوەن) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بەروامبوونی مانەوەی لە ژووری تاکەکەسیدا و دۆسیەسازیی نوێی بەرپرسانی زیندان، مانی لە خواردن گرتووە.
ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە مانی لە خواردن گرتووە.
ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی جۆزەردان (١ی ژوەن) ئەم زیندانییە سیاسییە کە لە بەندی ٢-١ی زیندانی ناوەندیی ورمێدایە، لەسەر ڕاپۆرتی ژمارەیەک لە بەندکراوانی تاوانە قورس و مەترسیدارەکان لەمەڕ «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» بانگهێشتی بەردەم نووسینگەی بەرپرسی ناوخۆی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا و لە لایەن دانیالی، بەرپرسی بەند و سێپێهرنیا، جێگری سەرۆک و ئازەرنیا، بەرپرسی پاراستن و ئازەریون، بەرپرسی بەشی پشکنینی زیندانەوە کەوتووەتە بەر ئەشکەنجە و لێدانەوە.
هەروەها بە ڕاسپاردە و گوشاری بەرپرسانی زیندان و لەسەر شایەتیدانی بەندکراوانی تاوانە قورسەکان، لە دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێدا دۆسیەیەکی تازە بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» بۆ ئەم زیندانییە سیاسییە کراوەتەوە.
نایب حاجیزادە دوای ئەشکەنجەکران لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە براوەتە ژووری تاکەکەسی و تا ئێستا لە مافی دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵە و وەرگرتنی دەواودەرمان و خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە پێشتریش لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢١) لەسەر سکاڵای داریووش بەخشی، سەرۆکی زیندان و مەسعوود کیا، ئەندامی هێزەکانی گاردی زیندان، لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی تردا بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم و نایب عەسکەری، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» هەرکامەو حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپا. ئەم دۆسیەسازییە دوابەدوای دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە لایەن زیندانییەکی تاوانە گشتییەکانەوە ڕووی دابوو.
گواستنەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ ژووری تاکەکەسی لە حاڵێکدایە کە دۆخی تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە و لە یەک ساڵی ڕابردوودا لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە. نایب حاجیزادە لە کۆتایی ساڵی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢١) بە هۆی نەخۆشینەوە ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوو، بەڵام دوای نەشتەرگەریی هەڵە و بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان گەڕێنرایەوە بۆ زیندان.
پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتبوو: «نایب حاجیزادە لە کۆتایی ساڵی ١٤٠٠دا بە هۆی دڕانی ناوەکیی زگەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار نەشتەرگەریی هەڵەی بۆ کرا. دوای گەڕاندنەوەیشی بۆ زیندان و سەرەڕای ناجێگیربوونی دۆخی تەندوستیی بە درێژایی ئەم ماوەیە، کەچی بە هۆی ناڕازیبوونی بەرپرسانی زیندانەوە لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە».
نایب حاجیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، کەیوان ڕەشۆزادە، ئومید سەعیدی و عەبدولعەزیز محەممەدپوور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ. دادگای ئەم هاووڵاتییانە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی کۆمەڵەدا، حوکمی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا.