چەند کاتژمێرێک لەمەوپێش هێمن مستەفایی، زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی سنە کراوە. حوکمی ئەم بەندکراوە پێشتر پەسەند کراوە و هەر بۆیە هەردەم مەترسیی جێبەجێکردنی خێرای سزاکە لە ئارادایە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی جۆزەردان (١٩ی ژوەن) هێمن مستەفایی، زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی سنە کراوە.
بنەماڵەی ئەم زیندانییە و ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی ڕایانگەیاندووە کە سبەینی بە داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی هێمن مستەفاییەوە لە بەردەم زیندانی ناوەندیی سنە کۆ دەبنەوە.
پێشتر و له ڕێكه‌وتی ٣١ی جۆزه‌ردانی ١٣٩٦یشدا (٢١ی ژوەنی ٢٠١٧) ئەم بەندکراوە به مه‌به‌ستی لەسێدارەدان ڕه‌وانه‌ی ژووری تاكه‌كه‌سی كرابوو، به‌ڵام دوای گردبوونەوەی ناڕه‌زاییانەی ده‌یان چالاكی مه‌ده‌نی و هاووڵاتیانی سنه، ڕەزامەندیی بنه‌ماڵه‌ی كوژراوه‌كه وه‌رگیرا و هەر بۆیە جێبه‌جێكرانی حوکمەكه به شێوه‌ی كاتی ڕاگیرا.
دەوترێت دوابەدوای ناڕەزایەتییەکانی ناو زیندانی سنە لە ڕەزبەری ١٤٠١دا (ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) بە فەرمانی محەممەد جەباری، داواکاری گشتیی سنە، دۆسیەی ژمارەیەک لە بەندکراوان و لەوانە هێمن مستەفایی بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانیان نێردرایە بەردەم نووسینگەی ئیجرای ئەحکام.
هێمن مستەفایی لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەردا (١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) و دوابەدوای ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی زیندانیانی زیندانی سنە کە ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی قورسی هێزەکانی گاردی زیندان بوویەوە، ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرا و دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا و پاش ١٠ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن، گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە.
ئەم زیندانییە لە ماوەی مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی درابوو و مۆڵەتی دیداری بنەماڵەی و پارێزەریشی لێ زەوت کرابوو.
هێمن مسته‌فایی، له‌دایكبووی ساڵی ١٣٦٨ (١٩٨٩) و دانیشتووی شارۆچکەی «کانی دینار»ی سه‌ربه شاری مه‌ریوان، له ڕێكه‌وتی ١١ی ڕه‌شه‌مەی ١٣٩١دا (١ی مارسی ٢٠١٣) به تۆمه‌تی كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ستی ئەندامێکی پێشووی سپای پاسداران به ناوی ئێبراهیم محه‌ممه‌دی له مه‌ریوان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و ڕه‌وانه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری سنه كرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە، ناوبراو له ماوه‌ی لێپرسینه‌وه‌کان و لەژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی سه‌ختی جه‌سته‌یی و ڕۆحی‌دا بە ناچار كوشتنی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سپای گرتووەتە ئەستۆ و لەژێر هەڕەشە و بەڵێنی لێپرسەوە ئەمنییەکاندا ئامادە بووە سیناریۆ پێشوەختەکەی لێپرسەوەکان قبووڵ بکات.
له‌م دۆسیه‌یەدا سێ هاووڵاتیی دیكه‌ی مه‌ریوانی به ناوه‌كانی به‌یان كاكایی، هیوا دادئافه‌رین و خه‌لیل شێرزادی به تۆمه‌تی به‌شداریکردن له کوشتنەکهدا ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون. تەلەڤیزیۆنی پرێس تیڤی له ٩ی به‌فرانباری ساڵی ١٣٩٢دا (٣٠ی دێسامبری ٢٠١٣) به بڵاوكردنه‌وه‌ی دێكۆمێنتارییەک به ناوی «سووژەی هاوبەش» دانپێدانانی زۆره‌ملێێ ئه‌م چوار زیندانییه‌ی بڵاو كرده‌وه.
هێمن مسته‌فایی پێش ده‌ستبه‌سه‌رکران ماوه‌یه‌ك ئه‌ندامی یه‌كێك له حیزبه كوردییه‌كان بووە، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌كی كورت وازی لەو حیزبە هێناوە و دوای هەماهەنگیکردن لەگەڵ ئیداره ئیتلاعاتدا گهراوەتهوه بۆ مه‌ریوان.
هێمن مسته‌فایی سه‌ره‌تا له دادگای كه‌یفه‌ریی سنه‌دا به تۆمه‌تی «هه‌ڵگرتنی چەک» سزای چوار ساڵ بەندکران و بە تۆمه‌تی «كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست»یش سزای لەسێدارەدان (قه‌ساسی نەفس)ی به‌سه‌ردا سه‌پا. هه‌رچه‌ند ئیداره‌ی ئیتلاعات و سپا داوایان کردبوو دۆسیه‌یه‌كیش به تۆمه‌تی «موحارەبە» بۆ هێمن موسته‌فایی بکرێتەوە، به‌ڵام دیوانی باڵای ئێران لەبەر نه‌بوونی بەڵگەی پێویست و باوەڕپێکراو ئەم تۆمەتەی ڕەت کردبووەوە.