چوار هاووڵاتیی خەڵکی سەراوڵەی ئیلام بە ناوەکانی نەوید محەممەدنژاد، مێهرداد قەیسەربەیگی، ئەیوب گەراوەند و یونس گەراوەند کە ڕۆژی ٢١ی جۆزەردان (١١ی ژوەن) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوون، لە ڕۆژی یەکشەممە ١ی گەلاوێژەوە (٢٣ی جولای) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بەردەوامبوونی دەستبەسەریی خۆیاندا لە دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئیلام مانیان لە خواردن گرتووە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەم چوار هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە کە دوای حەفتەیەک دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئەم شارە کران، تا ئێستایش بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە دۆخێکی نادیاردان.
لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا و سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانکردنی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم کەسانە بۆ دادگوستەریی سەراوڵە، داواکاری گشتیی ئەم شارە ئامادە نەبووە لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکانیان بکات. ئەم چوار هاووڵاتییەیش لە ڕۆژی یەکشەممە ١ی گەلاوێژەوە (٢٣ی جولای) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بەردەوامبوونی دەستبەسەریی خۆیاندا و پشتگوێخستنی دۆسیەکانیان لە لایەن داواکاری گشتیی سەراوڵەوە مانیان لە خواردن گرتووە.
ڕۆژی ٢١ی جۆزەردان (١١ی ژوەن) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام بە شێوەی هاوکات شەش هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەراوڵەیان بە ناوەکانی محەممەد تەهماسبی (مامۆستا)، نەوید محەممەدنژاد (وەرزشکار)، مێهرداد قەیسەربەیگی، ئەیوب گەراوەند، یونس گەراوەند و حامید ڕەحمانی دەستبەسەر کرد. دوای چەند حەفتەیەک محەممەد تەهماسبی و حامید ڕەحمانی بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کران، بەڵام ئەو چوار هاووڵاتییەکەی تر تا ئێستایش بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە دەستبەسەرگەی کاتیی ئیلامدان.
دەوترێت ئەم هاووڵاتیانە بۆ ماوەی حەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراونەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحییەوە.